پۆلیس وردەکاریی شەڕەکەی حاجیاوا ئاشکرادەکات

لە رووداوێکی تەقەکردندا لە قەزای حاجیاوا کەسێک کوژرا و پێنج کەس برینداربوون، پۆلیسی راپەرین وردەکاریی رووداوەکە ئاشکرادەکات.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو شەڕ و دەمەقاڵێ لە  نێوان دوو بنەماڵەدا روویدا لە ئەنجامدا کەسێك گیانیلەدەستدا لە رەگەزی نێر کە لە دایکبووی ساڵی 1991ە و دانیشتووی حاجیاوای کۆنە، یەك شوێنەواری چەقۆ بە سەر جستەیەوە دیارە.

دەشڵێت، لە رووداوەکەدا پێنج کەسی دیکە برینداربوون کە ئێستا لە نەخۆشخانەی گشتیی رانیە چارە سەری پێویستیان بۆ ئەنجامدراوە و لە ژێر چاودێریی پزیشکدان.

لەبارەی هۆکاری رووداوەکەوە پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، بە وتەی چەند شایەتحاڵێك رووداوەکە بە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە روویداوە لە نێوان دوو بنەماڵەدا کە خزمایەتی لە نێوانیادا هەیە.

دەشڵێت، تەرمی کوژراوەکە دوای پشکنینی توێکاری لە پزیشکی دادوەریی رانیە، رادەستی کەسوکاری کراوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بە هۆی رووداوەکەوە 12 کەس کە تۆمەتبارن بە پێی مادەی  406 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.

 

بابەتی پێشتر

ناسک ئەحمەد، کچی هونەرمەند ئەحمەد شەماڵ کۆچی دواییکرد

بابەتی دواتر

دوا زانیاری دەربارەی هێرشەكەی شەوی رابردووی سەر ئێران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share