چیرۆکی رۆژین لە ونبوونی تا دۆزینەوە و بەخاکسپاردنی تەرمەکەی

رۆژین کابایش، کچە کوردێکی تەمەن 21 ساڵانی باکووری کوردستان، دوای 18 رۆژ لە ونبوونی تەرمەکەی دۆزرایەوە و پزیشکی دادیش دەڵێت، هیچ بەڵگەیەک بۆ کوژرانی لەبەردەستتدا نییە.

ڕۆژین کابایش تەمەن 21 ساڵان لە بەشی گەشەپێدانی مناڵانی زانکۆی یوزونجویەلی وان خوێندکاری قۆناغی دووەم بوو، نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر بە بیانووی کۆکردنەوەی گوێچکە ماسی دەچێتە کەناردەریا و جارێکی دیکە بە زیندوویی نابیندرێتەوە.

رۆژین کە خەڵكی شاری ئامادەی باکووری کوردستان بوو، شەوی رووداوەکە داوای لە هاوڕێکانی کردبوو بچن لەگەڵی، بەڵام کەسیان ئامادەنەبوون و بەتەنیا رۆیشتبوو، دوای تێپەڕبوونی چەند کاتژمێرێکیش لە ونبوونی کەسوکارەکەی و دەزگا پەیوەندیدارەکان ئاگاداردەکرێنەوە و دەست بە هەڵمەتی گەڕان دەکرێت بەدوایدا.

بۆ دۆزینەوەی ناوبراو بۆ ماوەی 18 رۆژ 52 تیم کە پێکهاتوون لە 117 کەس، لەسەر زەوی و ئاسمان و ناو دەریا، سەرقاڵی گەڕانبوون بەدوایدا، بەڵام لەدوای 13 رۆژ تەنها لەچکەکەی سەری لە کەناردەریا دۆزرایەوە.

دوێنێ سێشەممە لە کەناری دەریاچەی وان تەرمی رۆژین دۆزرایەوە و هەر زوو گەیەندرایە پزیشکی دادی شارەکە و بۆ ماوەی حەوت کاتژمێر کاری توێکاری بۆ لاشەکەی ئەنجامدرا.

بەپێی راپۆرتی پزیشکی دادی کە لە میدیاکانی تورکا بڵاوکراوەتەوە، لەبەرئەوەی تەرمەکە زۆر لە ئاودا ماوەتەوە ئاوساوە، بەڵام ئاسەواری هیچ لێدان و ئەشکەنجە و تەنانەت گوللەشی پێوەنەبووە.

نیزامەدین کابایش، کە باوکی رۆژینە بە رۆژنامەکانی راگەیاندووە، باوەڕ بەوەناکات، رۆژین خۆی نەکوشتووە بەڵکو دوای کوشتنی خراوەتە ناوی ئاوی دەریاچەکەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە تەرمی رۆژین کابایش رادەستی کەسوکارەکەی کرایەوە و لە زێدی خۆی لە شاری ئامەد بەخاکسپێدرا، بەڵام هێشتا لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامە و نەگەیشتوون بەوەی کە رووداوەکە تاوانکارییە یان خۆکوژییە.

لەم ماوەیەدا چیرۆکی رۆژین تەنها چیرۆک نەبوو کە باکووری کوردستان و سەرانسەری تورکیای نیگەرانکرد، پێش ئەو بە چەند هەفتەیەک تاوانی کوشتنی نارین گورەنی تەمەن هەشت ساڵان خەڵکی شاری ئامەد لەلایەن مامیەوە ئاشکرابوو، دواتریش لە رووداوێکی دەگمەندا لە شاری ئەنقەرە کوڕێک هاوڕێکەی و خۆشەویستەکەی خۆی کوشت و دواتریش کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بابەتی پێشتر

قوباد تاڵەبانی: هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازە و پارتی ناتوانێت ساختەکاری بکات

بابەتی دواتر

لە رووداوێکی هاتوچۆدا لە هەولێر کەسێک گیانیلەدەستدا و دوو کەسی دیکە برینداربوون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share