بافڵ جەلال تاڵەبانی: سەلامەتی و تەندروستیی ئێوە بۆ ئێمە هەمووشتێكە

لەدوای کۆتاییهاتنی کەرنەڤاڵی سەرخستنی یەکێتیی لە دەڤەری راپەڕین بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پەیامێکدا رایگەیاند، لە قووڵایی دڵمەوە سوپاسگوزاری دڵسۆزی و جۆشوخرۆشی یەكێتییانەتانم، هاتن و ئامادەبوونتان گەورەیی بوو بۆ ئێمە و شانازی بەهەمووتانەوە دەكەم.

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامەکەیدا رایگەیاند، نزیكی و قسەكردن لەگەڵ ئێوە شەرەفێكی گەورەیە و دەمویست زیاتر لەگەڵتاندابم، بابەتی جیاوازتر باسبكەم و زۆرتر لەگەڵتاندا بمێنمەوە، بەڵام بەهۆی قەرەباڵغیی بێشومار و جۆشوخرۆشی ئێوەی خۆشەویستەوە، ژمارەیەك لە ئازیزانمان ئازاریان پێگەیشت و لەبەر سەلامەتیی هەموولایەك، وتارەكەمان كورتكردەوە تاوەكو هیچ ئازیزێكیترمان تووشی نارەحەتی نەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەلامەتی و تەندروستیی ئێوە بۆ ئێمە هەمووشتێكە، بۆیە دەستبەجێ تیمەكانی خۆم راسپارد تاوەكو لە نزیكەوە ئاگاداری دۆخی تەندروستیی ئەو ئازیزانە بن و لەگەڵیان بمێننەوە تاوەكو لە تەندروستییان دڵنیا دەبین.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا باسیلەوەکرد، داوای لێبوردن لە هەموو ئەو خۆشەویستانە دەكەین كە بەهۆی گرفتی تەكنیكییەوە نەیانتوانی گوێبیستی وتەكانمانبن، بەڵام دڵنیاییان دەدەینێ ئەوەی وتومانە و دەیڵێین، جێبەجێی دەكەین.

جەختیشیکردەوە، پەرۆشی و هەوڵی دڵسۆزانەتان بۆ سەرخستنی لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبیرناكرێت، سوپاسی ئامادەیی و پشتیوانیتان دەكەین، دەیڵێمەوە و دڵنیاتان دەكەم من برای ئێوەم و بۆ هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانتان دەبم، لەهیچ وێستگەیەكدا جێتانناهێڵم و پێكەوە كۆتایی بە خۆسەپێنی دەهێنین، وەكچۆن ئێستا جۆشوخرۆشتان نەیارانی تۆقاندووە و دەنگی زوڵاڵی ئێوە ترسی لەدڵی هەموویاندا چاندووە.

بابەتی پێشتر

وڵاتێکی دیکە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل پچڕاند

بابەتی دواتر

ژنان یان پیاوان سیستمی بەرگریان باشترە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share