بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک یەکێک لە سەرکردەکانی پارتە هاوپەیمانییە پێشکەوتنخوازەکان هەڵبژێردرا و نوێنەرایەتیی تەواوی هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا دەکات.
پارتە سۆسیال دیموکراتەکانی جیهان پێکەوە پێیان دەوترێت هاوپەیمانیی پێشکەوتنخوازەکان، ساڵانە کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن و کاندیدەکان هەڵدەبژێرن بۆ نوێنەرایەتیکردنییان لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان.
کۆبونەوەکانی ئەمساڵ لە چیللی بەڕێوەچوو، کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە دەنگی، سۆسیال دیموکراتی سویدی، پارتی سۆسیالیستی چیللی، پارتی شۆڕشگێڕی مۆدێرنی کۆماری دۆمینیکان، پارتی گەلی مەنگۆلیا، کۆنگرەی نەتەوەیی هیندستان، پارتی کرێکاری ئوسترالیا، هاوپەیمانیی هاوڵاتییانی زیمبابۆی بۆ گۆڕان، هەڵبژێردرا بۆ ئەوەی کە نوێنەرایەتی تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا بکات.
کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانییەتییەکە رێگەیەکە بۆ ئەوەی پارتەکان بەیەکەوە ببەستێتەوە و ئەجێنداکانی پارتی سۆسیال دیموکرات لە سەرانسەری جیهاندا جێبەجێ بکەن.
د. دارا خەیلانی، ئەندامی سەركردایەتی و سەرۆكی وەفدی یەكێتی كە بە نوێنەرایەتی یەكێتی لە سانتیاگۆ لەچیللی بەشداری كۆنگرەی هاوپەیمانێتیی پێشكەوتنخوازەكانی کرد راگەیاند، “بافڵ جەلال تاڵەبانی یەكێكە لە سەرۆكی هاوپەیمانێتی پێشكەوتنخوازەكان كە وەك ئەنجومەنێكی سەركردایەتییە و 9 هاوسەرۆكن و سەرۆك بافڵ یەكێكیانە”.
دەشڵێت، “هاوپەیمانێتیەكە 119 حزبی سۆشیال دیموكراتی لە جیهاندا لەخۆگرتوە و ئەو پۆستی سەرۆكایەتییە بۆ سەرۆك بافڵ و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەستكەوتێكی پڕبایەخی سیاسییە كە لەنێو ئەو 119 حزبە جیهانییەدا بۆ یەكێتی و حزبێكی كوردستانییە”.
د. دارا خەیلانی ئاماژەی بەوەشکرد، سێ حزبی کوردستانی و هاوپەیمانیی دیموكراتی ئیشتراكی عەرەبی كە 13 حزبن، پێكەوە پشتیوانی یەكێتی و سەرۆك بافڵ بوون بۆ ئەوەی بەیەكێك لە 9 هاوسەرۆكەكەی هاوپەیمانی پێشكەوتنخواز هەڵبژێردرێت.
وتیشی، “پێشتر و بەر لە نەخۆشكەوتنی، سەرۆك مام جەلال هەوڵی زۆری لەوپێناوەدا داوەو رۆڵی یەكێتیش بەرچاو بووە لە پرسە گرنگەكانی پەیوەست بە سۆشیال دیموكرات و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان یەكێكە لەدامەزێنەرانی هاوپەیمانیی پێشكەوتنخواز كە ساڵی 2013 دامەزراوە و هەر سێ ساڵ جارێك گۆنگرەی خۆی دەبەستێت.
جێگەی ئامەژەیە، هاوپەیمانییەكە 40 ئەندامی بۆردی هەیە كە دوانیان بۆ یەكێتییە و 9 هاوسەرۆكی هەیەو یەكێكیان بۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە.
د. دارا خەیلانی باسی لەوەشکردووە، دیدگای بافڵ جەلال تاڵەبانی و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رۆلی گرنگی دەبێت لەسەر ستراتیژ و دونیابینی جیهانی سوشیال دیموكرات و لە بەڕێوەبردنی هاوپەیمانییەكە.