بانكی ناوەندیی عێراق رەتیدەكاتەوە گرێبەستی “هەژماری من”ی لابێت و پەرلەمانتارێكیش دەڵێت، خزمەتگوزاری لەو پرۆژەیە لەسەر سەرمایەی بانکەکان خۆیانە نەک حکومەت، تەوتینیش لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ بانکی حکومییە پاشان بانکی ئەهلی و بەوەش پارە نادرێتە وەزارەتی دارایی هەرێم.
سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بەردەوامە لەسەر بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی تایبەت بە “توطين” بۆ ئەو مەبەستە بە نووسراوی ژمارە (812/د لە 2024/7/22) داوای لە بانکی ناوەندیی عێراق کرد ئەو گرێبەستەیان بۆ بنێرێت کە لە نێوان حکومەتی هەرێم و بانکە ئەهلییەکانی “هەژماری من” هەیە تایبەت بەدابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بانکی ناوەندی بە نووسراوی ژمارە (9/5/114555 لە 2024/9/24) دەڵێ ئەو گرێبەستە لای ئێمە نییە.
دەشڵێت، داوایکرد ئەو خزمەتگوزارییانە چییە کە لە بانکە ئەهلییەکانی “هەژماری من” فەرمانبەران دەتوانن لێی سوودمەندبن، بانکی ناوەندی دەڵێ “ئەو خزمەتگوزارییانە پێویستە لەسەر سەرمایەی خودی بانکە ئەهلییەکە بدرێت بە فەرمانبەران”.
تایبەت بە “توطين” بانکی ناوەندی دەڵێت، “توطين لە وەزارەتی دارایی بۆ بانکی حکومی لەوێشەوە بۆ بانکی ئەهلییە”، بەم جۆرە چیتر وەزارەتی دارایی هەرێم پارەی مووچە نابینێت، ئەمەش هۆکاری سەرەکیی ئەوەیە کە هەرێم تەوتین ناكات، وەك ئەوەی ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی پێداوە.