سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان: زیاتر لە 95%ی کارەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن تەواوبوون

سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن زانیاریی نوێ دەخاتەڕوو.

عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کۆمسیۆن بەوپەڕی شەفافی و پاکییەوە و جیاواز لە ساڵانی رابردوو، پرۆسەی هەڵبژاردن ئەنجامدەدات و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 95%ی کارەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن تەواوبوون.

دەشڵێت، لەم هەڵبژاردنەی ئەمساڵدا رێژەی گزیکردن سفرە، چونکە پێشکەوتووترین ئامێری تێدا بەکاردەهێندرێت.

باسی لەوەش کرد، زۆر نزیکبووینەتەوە لە رۆژی دەنگدان، کاغەزی دەنگدان گەیشتووەتە هەرێم و بەسەر ئۆفیسەکانی هەڵبژاردندا دابەشکراوە، هەروەها رێژەیەکی زۆری کارتی دەنگدان لەلایەن دەنگدەرانەوە وەرگیراوەتەوە.

عومەر ئەحمەد، ئاشکرایکرد، تائێستا نۆ کونسوڵگەری و هەشت رێکخراوی نێودەوڵەتی ئامادەییان دەربڕیوە چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن، ئەوە جگە لە چاودێر و رێکخراوە ناوخۆییەکان.

وتیشی، 41 هەزار کارمەندی کۆمسیۆن بەشداری لە پرۆسەکەدا دەکەن کە بەشێکیان راهێنانیان بینیوە و بەشێکی دیکەش بەهەمان شێوە راهێنان وەردەگرن بۆ ئەوەی بەتەواوی ئامادەبن.

بڕیارە رۆژی 20ی تشرینی یەکەمی 2024، پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتیی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، لایەنە سیاسییەکان کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی 100کورسیی پەرلەمان دەکەن.

 

بابەتی پێشتر

كۆكردنەوەی و ڤاكسینكردنی سەگی بێلانە لە سلێمانی درێژەی هەیە

بابەتی دواتر

سەركردە عێراقییەكان بۆ ساڵیادی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال چی دەڵێن؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share