وەزارەتی خوێندنی باڵا دوا زانیاری دەربارەی بە گرێبەستكردنی وانەبێژان ئاشكرادەكات

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا دوا زانیاری دەربارەی بەگرێبەستكردنی وانەبێژان و زانكۆلاین و پلانی وەرگرتنی خوێندكاران دەخاتەڕوو.

عەباس ئەكرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، دوای هەوڵەكانی وەزیر و وەزارەتی خوێندنی باڵا لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەكان، بڕیارە ئەمڕۆ فەرمانی بە گرێبەستبوونی وانەبێژان دەربچێت و دواتریش وەزارەتی خوێندنی باڵا فەرمان دەردەكات و رێكارەكانی دامەزراندن بە گرێبەستیان دەردەچێت.

وتیشی، “بڕیارەكە سەرجەم وانەبێژان لە ساڵی 2014ەوە تا ئەمساڵ دەگرێتەوە، بەپێچەوانەی ئەوەی پێشوو دەوترا كە تەنها تایبەت دەبێت بە وانەبێژانی ساڵانی 2023/ 2024، بەڵكو بە هەوڵی وەزیری خوێندنی باڵا سەرجەم وانەبێژان دەگرێتەوە و رێكارەكان دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە”.

سەبارەت بە پلانی ئەمساڵی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ وەرگرتنی دەرچووانی 12ی ئامادەیی عەباس ئەكرەم روونیكردەوە، پلانیان بۆ ئەمساڵ ئەوەیە زۆرترین دەرفەت بڕەخسێنن، بەشێوەیەك هیچ دەرچوویەك لە دەرەوەی پلانی وەرگرتندا نەمێنێتەوە و هەلی خوێندنی لە زانكۆكاندا بۆ بڕەخسێندرێت.

ئاماژەشیدا، پرۆسەی پڕكردنەوە لەڕێی زانكۆلاین بەردەوامە، درێژكردنەوەی وادەكەیشی بۆ ئەوەیە دەرفەت بدەنە ئەوانەی تائێستا پڕیان نەكردووەتەوە، فۆڕمەكە پڕبكەنەوە، هەروەها دەرفەتە بۆ خوێندكارانی ناوچە كوردستانییەكان بۆ ئەوەی ئەوانیش بەهەمان پێوەر و مەرج و رێنماییەكان وەربگیرێن.

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاشكراشیكرد، تا 30ی ئەیلولی رابردوو 45 هەزار دەرچوو فۆڕمی زانكۆلاینیان پڕكردووەتەوە كە 38 هەزاریان دەرچووی ئەمساڵ و شەش هەزاریشیان دەرچووی ساڵانی رابردوون.

دەربارەی ئامادەكردنی بەشە ناوخۆییەكانیش ئاماژەی بەوەدا، وەزارەت بە هەماهەنگی لەگەڵ زانكۆكان كاری كردووە بۆ ئەوەی شوێنی شایستە و شیاو بۆ خوێندكاران دابینبكرێت، تا بتوانن درێژە بە خوێندن بدەن لە كەشێكی هێمندا و هیچ رێگرییەكیان نەبێت. بۆ ئەوەش پلانی تۆكمە هەبووە لەگەڵ زانكۆكاندا بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكان و سەبارەت بە دەرماڵەش هاوشێوەی دوو ساڵی رابردوو بەردەوام دەبێت.

بابەتی پێشتر

کەشناسیی هەرێم: نمەباران دەبارێت

بابەتی دواتر

لە 24 کاتژمێری رابردوودا زۆرترین بڕی باران لەکوێ باریوە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share