سەرۆكی سەندیكای شۆفێران لە سلێمانی رایدەگەیەنێت، چاوەڕواندەكرێت لە ساڵی نوێوە كار بە میكانیزمێك بكرێت بۆ دانانی پێوەر بۆ تاكسی و دیاریكردنی كرێی گواستنەوە كە لەبەرژەوەندیی هاوڵاتییان و خاوەنی تاكسییەكانە.
ئازاد ئەحمەد، سەرۆكی سەندیكای شۆفێران لە سلێمانی لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، سێ كۆمپانیا داواكارییان پێشكەشكردووە بۆ دانانی پێوەری تاكسیی میتەر كە بریتییە لە دانانی ئامێرێك لە شێوەی ئایپاد لەسەر داشبوڵی تاكسییەكان كە تایبەتە بە دیاریكردنی كیلۆمەتری گواستنەوەی هاوڵاتییان و كرێی گواستنەوە بەجۆرێك هەر دەرگای تاكسییەكە بكرێتەوە 250 دینار ئەژماردەكات و نرخەكەش بەپێی كیلۆمەتر دیاریدەكرێت و هیچ زیادەیەك وەرناگیرێت.
راشیگەیاند، بۆ كاركردن لەسەر پڕۆژەی تاكسیی میتەر پێویستە سەرەتا نرخی بەنزین بۆ تاكسییەكان جێگیربكرێت و چاوەڕواندەكرێت ئەو پڕۆژەیە لە ساڵی نوێوە كاری لەسەر بكرێت”.