ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، بانكی رافیدەین دەست بە ئامادەكارییەكانی بۆ بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكات.
سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بەمەبەستی بەدواداچوونەكانمان بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق بۆ بەبانكیكردنی مووچە لە 6ی ئابی ئەمساڵدا داوام لە وەزیری دارایی عێراق كە بۆ بەبانكیكردنی مووچە چاوەڕێی حكومەتی هەرێم نەبێت چونكە وەڵام ناداتەوە و نایەوێت بە بانكیكردنی مووچە دەستپێبكات و پێویستبوو دوایین لیستی مووچە كە لیستی پاككراوەبوو ئاراستەی بانكی فیدراڵی بكرێت.
راشیگەیاند،لە ئێستادا بانكی رافیدەین دەستی بە ئامادەكارییەكانی بۆ بە بانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم كردووە كە مووچەخۆران دەتوانن لە چەند خزمەتگوزارییەكی بانكی سوودمەندبن وەك وەرگرتنی قەرز و پێشینە و كڕینی ئۆتۆمبێل و كەلوپەلی نێوماڵ بە قیستی درێژخایەن.