شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و قوباد تاڵەبانی تەئكیدیان لەسەر رۆڵی گەورە و كاریگەریی یەكێتی كردەوە

ئەمڕۆ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و قوباد تاڵەبانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلال، لە بارەگای ئەنجومەن، بە ئامادەبوونی وەستا رەسوڵ لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی پێشمەرگە و سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و مامۆستا جوامێر و جوتیار نوری، لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە تێكۆشەرانی هێزی یەدەكی پێشمەرگەی كوردستان كۆبوونەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا، سەرەتا شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، ستایشی رۆڵ و كاریگەریی پێشمەرگە قارەمانەكانی هێزی یەدەكی كرد كە لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی سەختی شاخ و دوای راپەڕینیش لە بەرگریكردن لە دەستكەوتە مێژووییەكانی خەڵكی كوردستاندا رۆڵی یەكلاكەرەوەیان هەبووەو لەو بوارەدا قوربانی بێشووماریان بەخشیووە و پێیراگەیاندن، ” ئێوەی شەهیدی زیندوو كە ئەوپەڕی فیداكاریتان نوواند، خاوەنی دەستكەوتەكانی پاش راپەڕینن”.

دواتر لێپرسراوی ئەنجومەن، تەئكیدی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕ و مەبدەئیی سەرۆك و سەركردایەتیی یەكێتی كردەوە سەبارەت بە زەرورەتی یەكخستنی پێشمەرگە و دامەزراندنی سو‌پایەكی یەكگرتووی كوردستان كرد كە ئەركی سەرەكیی پاراستنی هەرێم بێت لە هەر هەڕەشە و مەترسییەك، دووپاتیشیكردەوە كە هێز و سوپای حزبی یەكێكە لە هەڕەشەكانی سەر هەرێم.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، لێپرسراوی ئەنجومەن، وێڕای خستنەڕووی رۆڵی گەورە و كاریگەریی یەكێتی، ئاماژەی بە گرنگی و بایەخی یەكڕیزیی گەلەكەمان كردەوەو رایگەیاند، “هەركاتێك یەكێتی و هێزە سیاسییە سەرەكییەكانی كوردستان هاوپەیمان و یەكدەنگ بووبێتن، دەستەكەوتی نیشتمانی و نەتەوەیی گەورەمان بەدەستهێناوە، بەڵام كاتێك پەرتەوازە و ناكۆك بووبێتین نەمانتوانیووە وەكو پێویست بەرژەوەندییەكانی كۆمەڵانی خەڵك بپارێزین و خزمەتیان بكەین، بۆیە دەبێت بەردەوام كار لەسەر یەكێتیی ریزەكانی خەڵك و حزبە سیاسییەكان بكەین.

دواتر قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلال، سەرباری دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی سەبارەت بە دیداری لەگەڵ تێكۆشەرانی هێزی یەدەك و ئاماژەدان بە پێگەی گرنگی ئەو هێزە لە بەرگریكردن لە دامەزراوەكانی هەرێم، دواپێشهاتەكانی بارودۆخی هەرێمی كوردستانی بۆ باسكردن و رۆڵی گەورە و كاریگەریی یەكێتی لەو نێوەندەدا بۆ ئامادەبووان شیكردەوە.

قوباد تاڵەبانی، جەختیكردەوە كە ئەمڕۆ یەكێتی لە هەموو كاتێكی تر زیاتر یەكدەنگ و یەكهەڵوێست و یەكگوتارە، ئەوەش بووەتە مایەی پتەوتركردنی پێگەكەی لەسەر هەردوو ئاستی هەرێم و عێراق كە سەرئەنجام بە قازانج و بەرژەوەندیی میللەتی كورد دەشكێتەوە، سەركەوتنە یەك لەدوای یەكەكانی یەكێتی لە موسڵ و كەركوك و بەغدای بەبەرجەستەبوونی ئەو یەكریزییەی ناو یەكێتی لەقەڵەمدا كە ئومێددەكرێت ئەو زنجیرە سەركەوتنانە، رەنگدانەوەیان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستاندا هەبێت.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا، ئامادەبووان بە دەربڕینی ئازادانەی تێبینی و رەخنەكانیان ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان بەپێزتر كرد، هاوكات كۆمەڵێك بابەتیان خستەڕوو و داوای بەدواداچوون و چارەسەریان كرد.

بابەتی پێشتر

وەفدی باڵای حكومەتی عێراق گەیشتە هەولێر

بابەتی دواتر

رێگای سلێمانی - دەربەندیخان داخرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share