سەرۆكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، لیژنەیەکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات بەمەبەستی بەدواداچوونی کارەکانی.
عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژەی بەوەکردووە، حکومەتی هەرێم پابەند نەبووە بە رادەستکردنی داهاتە داراییەکان کە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی لەسەری رێککەوتوون و دەشڵێت، “بەمەبەستی بەدواداچوونی کارەکانی حکومەتی هەرێم، وەفدێکی لیژنەی دارایی عێراق سەردانی هەرێم دەکات”.
عەتوان عەتوانی دووپاتیشیکردەوە، شایستەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییە، بەڵام پابەندبوونی هەیە بەپێی ئەم بڕیارە و دەبێت حکومەتی عێراق لەماوەی مانگێکدا پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕیارەکان ئاشکرابکات وەک ئەوەی لە بەندەکانی پڕۆژەیاسای بودجەدا هاتووە کە پەیوەندیدارە بە رادەستکردنی داهاتی نانەوتییەوە.
عەتوان عەتوانی دەڵێت، “بەغداد مرۆڤدۆستانە مامەڵەی لەگەڵ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردووە”.
باسی لەوەشکردووە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تەواوی پابەندنەبووە بە رێككەوتنی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی، سەبارەت بە رادەستکردنی داهاتەكانی ناوخۆ و تەنها بەشێكی كەمی داهاتەكانی باجی ناردووە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق.