بافڵ جەلال تاڵەبانی: هێنانەکایەی حوکمڕانییەکی دەربەست دەکەینە واقیعی بەرجەستە

بافڵ جەلال تاڵەبانی موژدەی بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دا کە سیاسەتی ڕاستکردنەوەی رێڕەو، هاوسەنگی هێز و هێنانەکایەی حوکمڕانییەکی دەربەست بکەینە واقیعی بەرجەستە.

ئەمڕۆ دووشەممە بەسەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و تاوتوێی دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکانی لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق و ناوچەکە کرد و جەخت لەسەر گوتاری سەنگین و ڕاشکاویی یەکێتی سەبارەت بە راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی و گۆڕینی هاوسەنگی هێز لە کوردستان کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، سەرکەوتنی یەکێتییەکەمان و گەلی کوردستان، بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگاری پێکەوەژیان و خزمەتگوزاری ئاوەدانی کەرکوک و بەشداری و شەراکەتمان لە ئیدارەی موسڵ سەرکەوتنێکی گەورەیە کە دەبێ کارێک بکەین ئەم رۆحی سەرکەوتنە سەرتاسەری کوردستان و عێراق بگرێتەوە.

هاوکات جەختیکردەوە، ئەم سەرکەوتنانە بەرهەمی یەکبڕیاری و یەکڕیزیمانە، پێویستە بە قازانجی گەلەکەمان و چاککردنی ژیان و گوزەرانیان بیخەینەگەڕ.
جگەلەوانەش موژدەی بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دا کە سیاسەتی ڕاستکردنەوەی رێڕەو، هاوسەنگی هێز و هێنانەکایەی حوکمڕانییەکی دەربەست بکەنە واقیعی بەرجەستە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی گفتوگۆی ورد لەبارەی دۆخی ئێستای کوردستانی کرا، بەتایبەتی دواکەوتنی مووچە کە کاریگەری زۆری کردۆتەسەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان، کۆبوونەوە پەرۆشی خۆی بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە دەربڕی و جەختی لە هاتنەسەرخەتی تیمی دانوستاندنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادی کردەوە بۆ پابەندبوون بە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەربارەی ئەولەویەتی مووچە و تێکەڵنەکردنی لەگەڵ ململانێی سیاسییدا.

سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنیش لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە دابینکردنی کەشوهەوایەکی هێمن و مەدەنیانە کردەوە بۆ هەڵبژاردن کە هەموو لایەک بتوانن بەرنامە و پەیامی سیاسی خۆی بگەیەنێتە جەماوەر، بەتایبەتی لاوانی دەنگدەری تازە و لەم بارەیەوە کۆبوونەوەکە پشتیوانی خۆی بۆ گیانی بەرزی یەکێتییانەی هاوڵاتیان لە هەولێر و لە هەموو کوردستان دەربڕی کە وەک هەمیشە ژیرانە و بەجۆش و خرۆشی حزبەکەی سەرۆک مام جەلال ئەم نەبەردییە دیموکراتییە بەرپا دەکەن بۆ کۆتایی هێنان بە قۆرخکاری دەسەڵات و نوێکردنەوەی حوکمڕانی کە لەبەرژەوەندی کۆمەڵانی خەڵکدا بێت بەبێ جیاوازی.

سەرۆکی یەکێتیی جەختیکردەوە، یەکێتی چاوی لە ململانێیەکی دیموکراسییە و لەم پێناوەشدا ئامادەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردە و هەرگیزیش رێگا بە دەستبردن بۆ پیرۆزییەکانی یەکێتی نادات و بە هێڵی سووری دەزانێت.

بابەتی پێشتر

گۆڕانکاریی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان چۆن دەبێت؟

بابەتی دواتر

تایبەتمەندییەکانی ئەو کەشتییە چوار ملیار دۆلارییەی ئەمریکا بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جوڵاندی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share