ساڵانە لە رۆژی 30 ی ئابدا لە سەرانسەری جیهاندا زۆرینەی رێکخراوە مرۆییەکان و کەسوکاری ئەو کەسانەی بەهۆکاری جیاواز بێسەروشوێن بوون چەندین چالاکی جۆراوجۆر ئەنجامدەدەن و لەگەڵ دووپاتکردنەوەی ویستیان بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنبووان.
مێژووی دروستبوونی ئەم رۆژە دەگەڕێتەوە بۆ دەسپێشخەری كۆمەڵە و یەكێتی كەسوكاری دەستگیرکراوان و بێسەروشوێنكراوان لە وڵاتانی ئەمریكای لاتین، كە لە ساڵی 1981 دا رێكخراوێكی ناحكومیان دامەزراند لەكۆستاریكا كە نوێنەرایەتی ناوخۆی وڵات و هەرێمەكان و چەند وڵاتێكی دەوروبەری دەكرد وەك تۆڕێكی رێكخراوەكان دژ بەزیندانی نهێنی و بێسەروشوێنكردنی زۆرەملێ، كارو چالاكیان دەكرد لەچەند دەوڵەتێكی ئەمریكای لاتین.
کۆمیتەی ناوەندی خاچی سووری لە عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ساڵی 2023 دا هەزار و 500 حاڵەتی بێسەروشوێنبوون لە عێراق ناوەکانیان نوێکراوەتەوە چارەنووسی 361 کەسیان یەکلاکراوەتەوە و ئێسک و پروسکی 61 کەسیشیان دۆزراوەتەوە.
لە هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا یادی ئەم رۆژە دەکرێتەوە کە تەنها رۆژێکی ماوە بۆ 31 ی ئاب کە ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیی هەرێمی کوردستان لەلایەن پارتی دیموکراتەوە بێسەروشوێن کران.