ئەمڕۆ یەكێتی و پارتی لە هەولێر كۆدەبنەوە

لۆگۆی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان

بڕیارە ئەمڕۆ شاندێكی پارتی سەردانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر بكات و هەریەك لە هەڵبژاردنەكانی عێراق و دۆخی ناوخۆی هەرێم پرسی سەرەكی دەبن، جگە لە تەواوكردنی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوانیان.

پەیامنێرمان لە هەولێر پێی ڕاگەیاندین بڕیارە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ی كانونی دووەم شاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان لە هەولێر بكات و دیدارێكی دوو قۆڵی ئەنجامبدەن.

سەردانەكە لە چوارچێوەی زنجیرە سەردانێكدایە كە بڕیارە پارتی بۆ لای سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامیبدات و دەستپێكی سەردانەكانیش لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بۆ لای هەریەك لە یەكگرتووی ئیسلامی و حزبی شیوعی كوردستان بوو.

لەبارەی ئەجێندای سەردانەکان عەلی حوسێن، ئەندامی سەرکردایەتیی و بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانییەکانی پارتی لە لێدوانێكدا بۆ میدیای حزبەكەی وتی، بۆ ئامادەکاریی و ڕاگۆڕینەوەیە بۆ هەڵبژاردنی عێراق و کێشە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان.

لەبارەی سەردانیشیان بۆ مەکتەبی سیاسیی یەکێتی وتی، “سەردانەکەمان تەواوکەری کارەکانی ئەو لیژنەیە دەبێت کە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان دروستکراوە”.

بەر لە كۆبوونەوەكەی ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ حزبەكەی، خەلیل ئیبراهیم، وتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستا-ی وت، “لە هەفتەی ڕابردوودا مەکتەبی سیاسیی پارتی بڕیاریاندا بە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ سەردانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، هەر خۆشیان بڕیاریانداوە کە یەکەم لایەن یەکگرتوو بێت”.

وتیشی، “بابەتی سەردانەکە پرسەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق دەبێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە “ئێمە پێیانرادەگەیەنین ڕێککەوتنمان لەگەڵ بەغداد پێباشە و ئەوە بە چارەسەری ئەم دۆخە ئابورییەی هەرێمی کوردستان دەزانین، پێشتریش هەمان شتمان ڕاگەیاندووە”.

بابەتی پێشتر

تیمێكی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی گەیشتە شاری وهان

بابەتی دواتر

پێشبنییەكانی كەشوهەوای هەرێم بۆ ئەمڕۆ و سبەی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share