“ملیۆنان عێراقی بە دەست نەبوونی خۆراكەوە دەناڵێنن”.. هۆشداری دەدرێت

نەتەوەیەوكگرتووەكان هۆشداری دەدات لەوەی، ملیۆنان هاوڵاتیی عێراق دووچاری برسێتی دەبنەوە، داوا لە حكومەتیش دەكات ڕۆڵی هەبێت.

عەبدولڕەحمان میجاج، نوێنەری بەرنامەی خۆراكیی سەربە نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق ڕایگەیاندووە، “بە پێی سیستمی چاودێریی برسێتی سەربە بەرنامەی بەكاربردنی خۆراك، نزیكەی 3 ملیۆن كەس لە عێراق دەناڵێنن بە دەست نەبوونی خۆراكی پێویست”.

وەك میدیاكانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ی كانونی دووەم بڵاویانكردووەتەوە، ئەو نوێنەرەی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق ئەوەشی خستوەتەڕوو، “لەنێو ئەو ژمارەیەدا 731 هەزاریان ئاوارەكانن، كە كێشەی ئاسایشی خۆراك و داهاتی تاكیان هەیە”.

سەبارەت بە كاریگەریی دۆخی ئابوریی عێراق لەسەر ئاسایشی خۆراك، میجاج ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، “بەهۆی ئەوەی داهاتی عێراق لەسەر نەوتە، بۆیە لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوتدا كێشەی كەميی شتومەك دروست دەبێت”.

ڕاشیگەیاندووە، “بە تایبەت كەمكردنەوەی بەهای دینار كێشەی دروستكردووە بەهۆی ئەوەی، شتومەكە خۆراكییە سەرەكییەكان هاوردە دەكرێن، ئەوەش لە ئاستی خێزانەكاندا مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی خۆراك”.

ئەو نوێنەرەی نەتەوەیەكگرتووەكان داوايكردووە، “حكومەت یارمەتیدەربێت بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە لەڕێی دابەشكردن و فەراهەمكردنی خۆراكە پێویستەكان، بەهۆی كۆرۆنا هێندەی تر هاوڵاتییانی بێكار كردووە”.

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) بەرشلۆنە، سۆسیدادی تێپەڕاند و یاری کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا دەکات

بابەتی دواتر

بایدن داوای لێپرسینەوە لە ترەمپ دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share