بانکی ناوەندیی عێراق دووپاتیکردەوە، ڕێکارەکانیان و وردبینیی نێودەوڵەتی بوونەتەهۆی سەقامگیریی مسۆگەرکردنی هاتنی پارەی بیانی لە ڕێگەی کەناڵە ڕەسمییەکانەوە.
حسێن عەلی، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی بۆ تیرۆر لە بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند، هەماهەنگییان لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری عێراق کردووە بۆ ئەنجامدانی ڕێکاری یاسایی توند دژی سەرپێچیکاران.
بەگوێرەی ئەو بەرپرسە، ڕێکخستنەوەی حەواڵەی دەرەکی و ڕێکارەکانیان لە وردبینیی نێودەوڵەتی بوونەتەهۆی سەقامگیریی لە هاتنی دراوی بیانی (دۆلار) لەڕێگەی کەناڵە ڕەسمییەکانی دەوڵەتەوە.
هاوکات بەگوێرەی زانیارییەکانی چەند بەرپرسێکی ئەمریکی، ئەمریکا بەڵێنیداوە ناردنی دۆلار بۆ عێراق بەردەوامبێت. بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هیچ بڕە پارەیەک نەخراوەتە سەر هەژماری بانکی ناوەندیی عێراق.