وەزارەتی دارایی هەرێم: حکومەتی عێراق تەنها 0.014%ی پارەی مووچەی مانگی حەوتی ناردووە

لەبارەی دواکەوتنی مووچەوە وەزارەتی دارایی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، “حکومەتی عێراق تەنها 0.014%ی پارەی مووچەی مانگی حەوتی ناردووە و ئەویش تەنها یەک ملیار و 426 ملیۆنە بۆ تەمویلی موچەی دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی نەزاهە و دەستەی ژینگە.”

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ماوەی چەند رۆژێکە هەڵمەتێکی ناڕاست و ناڕەوا دژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەشێک لە پەرلەمانتار و میدیاکان دەستی پێکردووە و دەیانەوێت هۆکاری نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بخەنە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەو رێگایەوە چەندین زانیاری ناڕاست لەسەر لیستی مووچە بڵاودەکەنەوە کە گوایە هۆکاری نەناردنی مووچە زیادبوونی تەمویلی مووچەو ژمارەی فەرمانبەرو مووچەخۆرە، بەڵام بابەتەکە بەو جۆرە نییە.

دەقی روونکردنەوەکانی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم:

 ١- سەبارەت بە دووبارە بونەوەی ناوی مووچەخۆران لە نێوان هەرێم و بەغداد، دوای بەدواداچوون دەرکەوتووە ئەو ناوانە هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە و زۆربەیان فەرمانبەرن بەپێی یاساو دۆسیەی تەواویان هەیە بەڵام لە حکومەتی عێراق سودمەندن لە هاوکاری چاودێری کۆمەڵایەتی، واتە لەجیاتی ڕاگرتنی مووچە پێویست بوو وەزارەتی دارایی فیدراڵی هاوکاریەکە لای خۆیان ڕابگرن نەک مووچە، پێویست بوو لەکاتی بوونی سەرپێچی یاسایی لەلایەن هەردولاوە ئیجرائاتی پێویست بکرایە، هەندێک حاڵەتی بوونی مووچەو هاوکاری لەیەک کاتدا بەپێی یاسا لە هەرێمی کوردستان رێگەپێدراوە، ئەگەر بەدەر لەم حاڵەتە دووبارەبوونەوە هەبێت راستتر وابوو هاوکاریەکە رابگیرێت نەک مووچە لەبەرئەوەی فەرمانبەرەکە لەرووی یاساییەوە بۆ پێدانی مووچە هیچ گرفتێکی نییە، وە ئەبوایە هەردوو  وەزارەتی دارایی هەرێم و فیدراڵ لە رێی لیژنەی هاوبەشەوە بەدواداچون و وردبینیان بۆ دۆسیەکان بکردایە و چۆنیەتی سزا و بڕەکەیان دیاری بکردایە، کە رەنگە هەندێک لەم حاڵەتانە نایاسایی نەبێت بەپێی یاسا بەرکارەکانی هەرێم.

٢- سەبارەت بە کێشەی نەبوونی بایۆمەتری لە هەرێمی کوردستان، پێشتر ئاگاداری وەزارەتی دارایی فیدراڵمان کردووە کە پرۆسەی بایۆمەتری سەدا سەد بۆ مووچەخۆران و خانەنشینان نەکراوە بەهەندێک هۆکاری جیاواز لەوانە بوونی وارسی خانەنشین و بەشێکی تریشیان لەدەرەوەی وڵات ژیان بەسەردەبەن و چەند هۆکارێکی دیکە، ئەوەش بەو مانایە نایات ئەوەی کە بایۆمەتری نەبێت مووچەخۆر نییە، لەجیاتی ئیعتیماد لەسەر بایۆمەتری کە حکومەتی هەرێم بە رەسمی وتویەتی تەواو نەبووە، باشتربوو وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی ئیعتیمادی لەسەر کارتی نیشتیمانی بکردایە کە هەموو هاوڵاتی و مووچەخۆرێک بەسەربازی و مەدەنیەوە هەیەتی لە تەواوی عێراقدا.

٣-  بەشێکی تر لەو ناوە دووبارانەی لە لیستی مووچەدا هەیە بە تایبەت لە چەند وەزارەتێکى حکومەتى هەرێم کە یەکێک لە تێبینیەکانی تیمى هاوبەشە دواى بە دواداچوون لەگەڵ وەزارەتەکان دەرکەوتووە ناوی چواریان دووبارەیە بەڵام ناوی دایکیان و تەمەنیان جیاوازە ( تشابە الاسماء)، و هیچ یاساشکێنیەکی تیانییە، بەڵام بەبێ گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە نیازە مووچەیان ببڕێت، شایەنی باسە وەزارەتی دارایی هەرێم روونکردنەوەی پێویستی لەسەر ئەم بابەتە بۆ ناردون.

٤- سەبارەت بە کێشەی مووچەی مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردەی کەرکوک و فەرمانگەکانى ترى کەرکوک کە میلاکیان لەسەر حکومەتى هەرێمى کوردستانە ئەوەش کێشەیەکی کۆنە و لەدوای ساڵی 2003وە بەردەوامە تاکو ئێستا وەکو کێشەیەکی ماوە لەنێوان هەرێم و بەغداد درێژەی هەیە و پێویستی بەچارەسەری بنەڕەتی هەیە واتە رێکەوتنی سیاسی.

٥-  سەبارەت بە زیادبوونى تەمویلی مووچەى نێوان مانگى (6 و 7)ـ 2024 ، بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەبێت مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم هاوتای مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی عێراق بکرێت، بۆ ئەم مانگە وەزارەتی دارایی هەرێم بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی مووچەی خانەنشینانی هاوتاکردووەو بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی ناردووە و بڕی (54،208،000،000) پەنجاو چوار ملیارو دووسەدو هەشت ملیۆن دینار زیادبووە، شایەنی باسە ئەگەر ئەم بڕە پارەیەی سەرەوە لە تەمویلی داواکراو بۆ مووچەی مانگی حەوت لاببەی، تەمویلی داواکراو نزیکەی 956،876،000،000 نۆ سەدو پەنجاو شەش ملیارو هەشت سەدو حەفتاو ملیۆن دینار دەمێنێتەوە کە نزیک و هاوشێوەی تەمویلی پێنج مانگی رابردووە کە وەزارەتی دارایی فیدراڵی خەرجی کردووە.

لە کۆتایدا پێویستە هەموو لایەک ئاگادار بن حکومەتی هەرێم لەدوای ساڵی 1992 وە دابڕانێکی دوورو درێژی لەبواری سیستەمی کارگێڕی و دارایی و ژمێریاری هەبووە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی تا دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی لە شوباتی ئەمساڵ تایبەت بەمووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان.

لەدوای ئەو بڕیارەوە هەردولا کاردەکەن بۆ ئەوەی ئیجرائاتە ئیداری و دارایی و یاسایی و ژمێریاریەکان یەک بخەن، کەئەمەش کارێکی ئاڵۆزو پڕ گرفتە.

ئێمە لەساڵی ڕابردووەوە کاری لەسەر دەکەین و بەردەوامیشین ، ئومێدەوارین تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم کێشەکان چارەسەر بکرێن.

داواکارین لەوەزارەتی دارایی فیدراڵ هاوکار و هەماهەنگ بێت لەگەڵمان بۆ چارەسەرکردنی رێژەیەکی کەم لەو کێشە هونەریانەی تائێستا چارەسەر نەکراوە، نەک ئیجرائاتی (تعسف)ی بەرامبەر فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکات.

چونکە پێمان وایە ناکرێت بەبێ وردبینی و بەدواداچوون لەو تێبینیانە مووچەی فەرمانبەران ببڕدرێت تەنها بەبڕیارێکی ئیداری.

بەبیر هەموو لایەکی دەهێنینەوە دوای ( 31 ) رۆژ لە ناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی، تا ئەم ساتە وەزارەتی دارایی عێراق تەنها بڕیاری خەرجکردنی تەنها یەک ملیارو چوار سەدو بیست شەش ملیۆنی دەرکردووە بۆ تەمویلی موچەی دیوانی چاودێری دارایی  و دەستەی نەزاهە و دەستەی ژینگە، کە دەکاتە (0.014%)ی کۆی تەمویلی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

لە کۆتایشدا دەڵێت، مووچەخۆران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان خۆتان قەزاوەت بکەن کێشەکە ئیداری و دارایی و ژمێریارییە یان سیاسی.

بابەتی پێشتر

کەشناسیی هەرێم: پلەی گەرمی نزمدەبێتەوە

بابەتی دواتر

مانگایەكی تایبەتە و كامێرا و پاسەوانی 24 كاتژمێریی بۆ دانراوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەهای دۆلار بەرزبووەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ لە كاتی داخستنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە…
Total
0
Share