بەهرۆز سالار: سلێمانی رێژەی ستانداردی سەوزایی تێپەڕاند

بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی رایگەیاند، پاش کۆکردنەوەی داتای ورد، شاری سلێمانی رێژەی ستانداردی سەوزایی تێپەڕاند.

بەهرۆز سالار، بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، “ئێستا سلێمانی لەسەر ئاستی عێراق سەوزترین شارە، بەپێی ستانداردی جیهانی، پێویستە رێژەی سەوزایی لە هەر شارێکدا %20 بێت، رێژەکە لە سلێمانی گەیشتووەتە %23.6 و رێژەکەمان تێپەڕاندووە، بەردەوامیش لە هەوڵداین ئەم رێژەیەی ئێستا زیاتربکەین”.

دەشڵێت، “ئەم رێژەیە لە رووبەری 143 ملیۆن مەتردووجای شاری سلێمانی دیاریکراوە و سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی دەگرێتەوە، ئەم رێژەیە لە سەوزایی هەوا و ژینگەیەکی پاک دەبەخشێتە هاوڵاتییانی شاری سلێمانی و دەروربەری”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “بافڵ جەلال تاڵەبانی هاوکارێکی سەرەکیی سەوزکردنی شاری سلێمانی بووە، ئەویش لە رێگەی هەڵمەتی چاندنی یەک ملیۆن نەمام، نۆژەنکردنەوە و سەوزکردنی چەندین باخچە، لە شارەکەدا”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share