لەدوای زیاتر مانگێک لە ئەنجامنەدانی هیچ کۆبوونەوەیەکی هەفتانە، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە و پرسی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران و رادەستکردنی شایستە داراییەکانیان تاووتوێدەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەدەچێت و لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا دەرئەنجامى کارەکانى لیژنەى وردبینیى هاوبەشى هەردوو دیوانى چاودێریى دارایى فیدراڵ و هەرێم لەبارەى داهات و خەرجیى و تۆمارى بایۆمەتریى و ژمارەى وەزیفى یەکگرتوو دەخرێتەروو.
هاوکات لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، کارەکانى لیژنەى هاوبەشى نێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى فیدراڵى تایبەت بە یەکخستنى رێکارە داراییەکان دەخرێتەروو دواتریش هەماهەنگیى نێوان کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق و سەرۆکایەتیی هەرێم و حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبەر رۆشنایى دوا کۆبوونەوەى هاوبەش و راسپاردەکانى کۆبوونەوەکە بۆ ئەرک و رۆڵى وەزارەتەکان گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.
بڕیارە لە بەشی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا راپۆرتێک لەبارەى پرۆسەى کڕینەوە و وەرگرتنى گەنم لە جوتیاران و شایستە داراییەکانیان و بەبازاڕکردنى بەرهەمى گەنمى جوتیاران لەلایەن وەزیری بازرگانی و پیشەسازییەوە دەخرێتەڕوو.