ستران عەبدوڵا: هەولێر ئاواییەکی لاچەپ نییە کوێخایەک بتوانێت کوێخایەتی تێدا بکات و تەواو

ستران عەبدوڵا لە وتارێکیدا بەناوی (لێگەڕێن با قەڵا قسەی خۆی بکات) رایدەگەیەنێت، ”هەولێر بەو دیرۆک و دێرینییەوە کەڵەگەتە، بەو ئایندەیەشی بەرێوەیە سەربەرز و شاد و خەندانە و ئاواییەکی لاچەپ نییە کوێخایەک بتوانێت کوێخایەتی تێدا بکات و تەواو”.

لە بەشێکی وتارەکەیدا ستران عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، ”هەولێر پایتەختی کوردستانە، هەڵبەت وەک ژیان و گوزەران بۆ خەڵکی بەشەرەفی هەولێرە و ئەوان خاوەنی شارن، ئەگەرچی بێ لە پایتەختبوونیشی، هەولێر هەمیشە شاری غەریب دۆست و غەریب نەوازنیش بوو و بووە، کێ و لەکوێ لێی قەوماوە هەولێر ئامێزی برایەتی و خزمایەتی بۆ کردووەتەوە”.

دەشڵێت، ”هەولێر هەروەها چونکە پایتەختی وڵاتەکەشمانە مافی هەموو خەڵکی کوردستانیشی بەسەرەوەیە، هەولێر ئاواییەکی لاچەپ نییە کوێخایەک بتوانێت دیلان وتەنی (سەرەحەت دڵ بێ گرێ ) کوێخایەتی تێدا بکات و تەواو، ئەمە بچووکردنەوەی هەولێرە و هەق نییە پێی رازی بین. ئەمە لەگەڵ شانوشەوکەتی قەڵادا ناگونجێت، لەگەڵ کۆنینەیی هەولێر و بەرینی شارەکە و ردێنی سپی مێژووەکەی وێک نایەتەوە”.

دەقی وتارەکەی ستران عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:

لێگەڕێن با قەڵا قسەی خۆی بکات

هەولێر پایتەختی کوردستانە، هەڵبەت وەک ژیان و گوزەران بۆ خەڵکی بەشەرەفی هەولێرە و ئەوان خاوەنی شارن، ئەگەرچی بێ لە پایتەختبوونیشی، هەولێر هەمیشە شاری غەریب دۆست و غەریب نەوازنیش بوو و بووە، کێ و لەکوێ لێی قەوماوە هەولێر ئامێزی برایەتی و خزمایەتی بۆ کردووەتەوە.

هەولێر هەروەها چونکە پایتەختی وڵاتەکەشمانە، مافی هەموو خەڵکی کوردستانیشی بەسەرەوەیە، هەولێر ئاواییەکی لاچەپ نییە کوێخایەک بتوانێت دیلان وتەنی (سەرەحەت دڵ بێ گرێ ) کوێخایەتی تێدا بکات و تەواو، ئەمە بچووکردنەوەی هەولێرە و هەق نییە پێی رازی بین. ئەمە لەگەڵ شانوشەوکەتی قەڵادا ناگونجێت، لەگەڵ کۆنینەیی هەولێر و بەرینی شارەکە و ردێنی سپی مێژووەکەی وێک نایەتەوە.

هەولێر پایتەختی حوکمڕانی کوردستان و ناوەندی سیاسەت و ریئاسەت و شکۆی دەوڵەتدارییە، شایستە و شایانە رەسمی سیاسەتیی رەسمی و بڕیاری بەروداویی کوردستان بەرامبەر بەغداد و بەرامبەر ئیقلیم و دونیا لەوێوە بدرێت و دەربچێ و بچێتە واری کارییەوە.

هەولێر گەرەکە شوێنی بزووتنەوەی دیموکراتی و جوڵەی پەرلەمان و قسەی حوکمڕانیش بێت، ئەوی حەوسەڵەی کەمە و جیکڵدانی تەنگە، ئەوەی لیاقەت و لەباقەت و قیافەتی ئەم ئەمانەتە مەزنەی  نییە،  پێویست ناکات خۆی راپسکێنێت و خۆی سەغڵەت بکات و خۆخۆی بکات.

هەولێر ئێستا جامی شوشەیی باڵێۆزخانەکان و کورسی پەرلەمان و دیوانی وەزارەتەکانی تیا هەس، بنە و بارەگای حزبەکانی لێیە و قەرارە لە چەند مانگی تریشدا کێبرکێی هەڵبژاردن بکات و خەڵک و کاندید خۆیانی تیابنوێنن.

هەولێر کۆمیسیۆنی تێدایە و یەک حەمکە پاوەر و پارەی دیموکراتی تێدا خەرجکراوە و سەدان وۆرکشۆپ و مەشق و راهێنانی حوکمڕانی هاوچەرخی بۆ خراوەتەگەڕ، خۆ ئەمە گاڵتە نییە و خۆ ئیشەڵا ئەوانە بۆ سوعبەت نەکراون؟!

ئێ خۆ ئەگەر بابەتەکە (میهرەجان)ی گاڵتەجاڕی و (حەفلەی تەنەکوری)سیاسیش بێت،  لێگەرێن با دەقی سیناریۆکە وەک خۆی نمایان بکرێت، لە جێی ئەوەی وەک(ئیختیارەکان)ی گەمەی دامە هەمووی تێکومەکان بدەن و داش و دامە و دۆ و دۆشاو تێکەڵ بکەن.

هەولێر هەر پایتەختی دیفاکتۆی ئێستا نییە، هەولێر پایتەختی حوکمڕانی ئایندەشە، پایتەختی پەرلەمانی داهاتوو و حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستانیشە، پەرلەمانتارەکان، فراکسیۆنەکان لەوێ دەبن و جوڵەی گەرموگوڕی سیاسەتی لەمەوداوی وڵاتەکەشمان هەر لەوێ دەبێت.

هەولێر بەو دیرۆک و دێرینییەوە کەڵەگەتە، بەم ئێستاییەوە قەڵایەکی سەرفراز و بەسەبر و خۆڕاگرە، بەو ئایندەیەشی وا بەڕێوەیە سەربەرز و شاد و خەندانە.

جا ئەوەی ئەم دیمەنە نابینێت تەئریخی ئەربیلی نەخوێندووەتەوە، ئیبن مستەوفی ناناسێت، بۆیە ئاساییە ئەوەش نەبینێت کە دەشێت و رێی تێدەچێت و لەوانەیە و گوێی ستەمکار کەڕ بێت، بە دیموکراسی و بە دەنگدان و  بە هێزی نەرم، کورد و کرمانجێکی دڵسۆز حوکمی هەولێری داهاتوو بکات و لە پایتەختی کوردستانەوە حوکمی هەموو کوردستانیش بگەشێنێتەوە.

ئەمە نە کوفرە، نە عەیبە و نە عاجباتی، ئەمە گەمەی دیموکراسیی و دەورانی مێژوو و ئازایەتیی هەولێرییەکان و کوردستانییان دوا قسەی تێدا دەکەن.

فەرهەنگەکە گۆڕاوە، قەناعەتەکە جوڵاوە، زەمانەش رەسمی جارانی نەماوە.

بابەتی پێشتر

وەزیری ژینگەی تورکیا: ئەگەری روودانی بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە ئیستانبوڵ هەیە

بابەتی دواتر

لیژنەی ئەمنیی قەزای چەمچەماڵ: سێ تۆمەتباری کوشتنی گەنجەکەی تەکیە دەستگیرکران

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

گەنجێك لەكاتی راوەماسیدا خنكا

گەنجێكی كورد لەكاتی راوەماسیدا لە بەنداوی خاسەی كەركوك خنكا. پەیامنێرمان لە كەركوك پێیڕاگەیاندین، کاتژمێر 5ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، گەنجێکی…
Total
0
Share