بەشداربوویەكی شەڕی مەخمور وردەكارییەكەی رووندەكاتەوە

بەرپرسێكی یەكێتی دەڵێت، شەڕی ئازادكردنی مەخمور بە ئامادەبوون و سەرپەرشتیی راستەوخۆی بافڵ جەلال تاڵەبانی بوو، لەكاتێكدا سێ رۆژ پێشتر بەشێك لە هێزی پێشمەرگە بەبێ تەقە چۆڵیانكرد.

سەردار مەخموری، لێپرسراوی مەڵبەندی قەرەچوغی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، 10 ساڵ لەمەوبەر لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا شارۆچكەی مەخمور لە دەست چەكدارانی داعش ئازادكرا.

وتیشی، “ئازادكردنی شارۆچكەكە لەلایەن هێزی دژەتیرۆر و پێشمەرگەی یەكێتی بە ئامادەبوون و سەرپەرشتیی راستەوخۆی بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەنجامدرا”.

سەردار مەخموری، كە خۆی یەكێك بووە لە بەشداربووانی شەڕەكە، روونیكردەوە، سێ رۆژ پێش ئەو شەڕە، پێشنیوەڕۆی 7ی ئاب ئەو هێزی پێشمەرگەیەی لەوێبوون بەبێ تەقە شارۆچكەكەیان چۆڵكرد، پاش نیوەڕۆی هەمان رۆژیش داعش بەبێ تەقە و رووبەڕووبوونەوە مەخموری داگیركرد.

ئەوەشی خستەڕوو، “دوای ئەوەی هێزی دژەتیرۆر بانگكرا بۆ پاراستنی هەولێر، چونكە هەولێر كەوتبووە ژێر مەترسییەوە و بەشێك لە دانیشتووانەكەی هەڵهاتن، ئەوەبوو بڕیاردرا لە 10ی ئاب مەخمور ئازادبكرێت، هێزی دژەتیرۆر وەك یەكەم هێز چووە ناو شارۆچكەكەوە و چەكدارانی داعش بەبێ بەرگرییەكی ئەوتۆ شارەكەیان جێهێشت”.

بەرپرسەكەی یەكێتی باسی لەوەشكرد، لە شەڕی ئازادكردنی مەخموردا دوو كارمەندی هێزەكانی دژەتیرۆر شەهیدبوون.

ئەمڕۆ 10ی ئاب، دە ساڵ بەسەر ئازادكردنی شارۆچكەی مەخمور لە چنگی چەكدارانی داعش تێدەپەڕێت، كە هێزەكانی دژەتیرۆر و پێشمەرگەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەنجامیاندا.

بەر لەو رۆژە نەك تەنها مەخمور، بەڵكو هەولێر-یش لە بەردەم مەترسیی گروپە تیرۆرستییەكاندا بوو، خەڵك بە لێشاو هەڵاتن، بەهۆی ئەوەی پێشتر هەڵاتنی پێشمەرگەكانی پارتی-یان لە شەنگال و دواتریش خودی مەخمور بینیی بوو، بەڵام ئەمجارە دژەتیرۆر و پێشمەرگەی یەكێتی هاوكێشەكەیان پێچەوانە كردووە، مەخمور رزگاركرا و هەولێریش بە پارێزراوی هێڵدرایەوە.

بابەتی پێشتر

لە رووداوێکی هاتوچۆدا 11 کەس برینداربوون و برینی بەشێکیان سەختە

بابەتی دواتر

سبەی کۆمسیۆن کارمەندەکانی سەر سندوقەکانی دەنگدان دیاریدەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share