چوار خۆراكی دەوڵەمەند بە كۆلاجین بۆ بەرەنگاربوونەوەی چرچ بوونی پێست

خواردنی تەواوكارە خۆراكییە دەوڵەمەندەكان بە كۆلاجین لە شێوەی حەب، ئەمپوڵ یان هاڕدراو كە دەخرێنە ناو خواردن و خواردنەوەوە، یەكێكە لەو رێگایانەی بۆ پاراستنی پێستی رووخسار پەنایان بۆ دەبرێت، بەڵام بەر لە پەنابردنەبەر ئەم هۆكارە پیشەسازی و دەستكردانە، باشترە پشت بە سیستمێكی خۆراكیی دەوڵەمەند بە كۆلاجین ببەستیت بۆ تەندروستیی جەستە و گەنج مانەوەی پێست.

كۆلاجین یەكێكە لە پرۆتینەكانی ناو جەستە، رۆڵێكی سەرەكی دەگێڕێت لە پاراستنی نەرمی و توندوتۆڵی پێست، هەروەك پێویستە بۆ پارێزگاری لە شانە، ریشاڵ، بەستەر و ئێسكەكانیش، جگە لە بەشداربوونی لە پارێزگاریی لە رەگی قژ و نینۆك.

بوونی كۆلاجین لە خواردنەكانماندا زۆر پێویستە، بەتایبەت دوای تەمەنی 25 ساڵی، واتە لەو كاتەوەی ئاستی كۆلاجین لە پێستدا ساڵانە بە رێژەی 1% كەمدەكات. بۆیە باشە قەرەبووی ئەو كەمبوونەوەیە بكرێت بە بەكارهێنانی بەرهەمەكانی تایبەت بە پارێزگاری لە پێست كە دەوڵەمەندن بە كۆلاجین، هەروەها خواردنی ئەو خۆراكانەی ئەو پرۆتینەیان تیایە و ئەمەش چوار لەوانەن:

1- ماسییە چەورەكان
ماسییەكان بە سەرچاوەیەكی باشی كۆلاجین دادەنرێن، دیارترینیشیان ماسیی سەلەمونە، كە سەرەڕای كۆلاجین بڕێكی زۆر ترشە چەوریی ئۆمیگا 3ی تیایە. بەهەمان شێوە ماسییەكانی وەك سردین، تونە و رنجە.

2- سیر
سیر لەنێو ئەو خۆراكانەدایە كە دەوڵەمەندە بە كۆلاجین، رۆڵێكی گرنگیش دەگێرێت لە بەرهەمهێنانی كۆلاجین لە جەستەدا، بۆ ئەمەش باشترە بە كاڵی یان كوڵاوی بخورێت.

3- ڤیتامین C
رێنوێنی دەكرێت بە خواردنی ئەو خۆراكانەی دەوڵەمەندن بە ڤیتامین سی بەشێوەیەكی رۆژانە بۆ بەتازەیی و رەونەقدار هێشتنەوەی پێست. بەهەمان شێوە سەرچاوەیەكی بنەڕەتییە بۆ بەرهەمهێنانی كۆلاجین لە جەستەدا.
روونە كە باشترین ئەو خۆراكانەی دەوڵەمەندن بەو ڤیتامینە، پرتەقاڵ، لیمۆ، شلیك، بیبەری شیرین، كیوی، برۆكلی، ئەناناس و چەندانی دیكەن.

4- ئاوی ئێسكی كوڵاو
ئاوی ئێسك رۆڵێكی گرنگی هەیە لە پارێزگاریكردن لە تەندروستیی پێست و جومگەكان، لەڕێی تەواو كوڵاندنی ئێسك و شانە بەستەرەكان بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ بەدەستدێت و دەبێتەهۆی دەرچوونی ئەو كۆلاجینەی لەناویایەتی.
بۆ ئەوەی بەتەواوی سوودی لێوەربگیرێت باشترە ئێسكی كوالێتیی باش هەڵببژێردێت، وەك ئێسكی ئەو ئاژەڵانەی لە گوندەكان لەسەر گژوگیا دەژین، یان مریشكی ئۆرگانیك، دەتوانرێت دوای كوڵاندنی بەشێوەی ئاسایی بخورێتەوە، یان بەكاربهێنرێت لە شۆربا و هەر خۆراكێكی دیكەدا.

بابەتی پێشتر

راگەیەندراوێك لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانییەوە

بابەتی دواتر

بۆ وەرزشەوانان... شەربەتی چەوەندەر بخۆنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share