چوار سەرۆكایەتییەكەی عێراق بە ئامادەبوونی نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كۆبوونەوە و تیایدا جەخت لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دوور لە ساختەكاری و بەشداریكردنی بەرفراوانی خەڵك كرایەوە.
بەرھەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 12ی كانونی دووەم لە کۆشكی بەغداد کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی ئەنجامدا بە ئامادەبوونی مستەفا کازمی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و فائق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە و سەرۆک و ئەندامانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و جنین بلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق و، سەبارەت بە دۆسیەی هەڵبژاردنەکانی داھاتوو گفتوگۆکرا.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی كۆبوونەكەوە بەشداربووان جەختیانکردەوە لەسەر پێویستی گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو و ئامادەکاری پێویست بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە ڕێگەی فەراهەمکردنی گشت پێداویستییەکان، تاوەکو ھەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی پاک و بێگەر بەڕێوەبچێت دوور لە ساختەکاری و گوشاری چەک، ھاوکات خەڵک ئازادانە نوێنەری ڕاستەقینەی خۆی ھەڵبژێرێت، بەجۆرێک ئەنجامەکان ڕەزامەندی خواستی گەل بێت.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا جەختکرایەوە لە گرنگی زیادکردنی ڕێژەی تۆمارکردنی بایۆمەتری و دانانی میکانیزمێک کە یارمەتیدەربێت لە پرۆسەی تۆمارکردن و پشتبەستن بە کارتی بایۆمەتری تایبەت بە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تەئکیدیکرایەوە لە گرتنەبەری ڕێوشێنی پێویست و یەکلاکەرەوە بۆ ڕێگریکردن لە ساختەکاری و فرتوفێڵ لە سەرجەم قۆناغەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان لەگەڵ دەستپێکردنی دەنگدانی دەنگدەران و تەواوکردنی پرۆسەی جیاکردنەوە و هەژمارکردنی دەنگەکان و تا ئەوکاتەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان ڕادەگەیەندرێت.
ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە ئاماژەیانکرد بە پێویستی زامنکردنی دەرفەتی بەشداریکردنی تەواوی گەلی عێراق بەسەرجەم پێکھاتەکانییەوە لە هەڵبژاردنەکان و یەکلایکردنەوەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و فەراهەمکردنی پێداویستییە یاسای و کارگێڕییەکان بۆ بەشداریکردنی کارای ئاوارەکان لە پرۆسەكەدا.