وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی كوردستان دەڵێت، “بەعەرەبکردن و کۆچی زۆرەملێی دانیشتووانی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم قبوڵكراو نییه و ڕه‌تیده‌كه‌ینه‌وە.”
شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ سێشەممە 12ی كانونی دووەم له‌گه‌ڵ تۆم هاید، به‌رپرسی كاروباری سیاسی بۆ ناوچه جێناكۆكان له كونسوڵخانه‌ی به‌ریتانیا و شاندێكی یاوه‌ری له هه‌ولێر كۆبووەوە.
وه‌زیری پێشمه‌رگه رایگه‌یاند، “ئه‌قڵیه‌تی شۆڤێنیی هه‌ندێ كه‌س و لایه‌ن وایكردووه، پڕۆسه‌ی بەعەرەبکردن و کۆچی زۆرەملێی دانیشتوانی ناوچه كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ترسیدار ده‌ستیپێکردووە، ئه‌مه‌شمان گه‌یاندووەته به‌رپرسانی سوپای عێراق له‌و ناوچانه‌دا، كه رێگربن و رێگه نه‌ده‌ن به كار و كرده‌وه‌ی لەو جۆره بەردەوام بێت.”
به‌رپرسی كاروباری سیاسی له كونسوڵخانه‌ی به‌ریتانیا، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، له خراپیی دۆخی كوردنیشینانی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ئاگادارن و ده‌یانه‌وێت رۆڵی خۆیان ببینن له هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه و پاراستنی ئارامی و پێكه‌وه‌ژیانی گه‌لان له‌و ناوچانه‌دا.
وه‌زیری پێشمه‌رگه وتیشی: “بە پێی دەستووری عێراق، نابێ و ناکرێ سوپای نوێی عیراق لایەنداری و دەستوەردان لەم پرسەدا بکات.”
داواشیکرد، “بەریتانیا هاوشان لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ رۆڵی خۆیان بگێڕن لە ڕاگرتنی ئەو زوڵم و ستەمەی لە دانیشتووانی ئەو ناوچانە دەکرێت، کە پەیوەندیی برایەتی و پێکەوەژیانی لەمێژینەی نەتەوە و پێکهاتە جیاجیاکانی ئەو ناوچانە دەخاتە مەترسییەوە.”