حکومەتی هەرێم لەبارەی مووچەوە بڕیاریدا

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایدەگەیەنێت، بڕیاری پەسەندكردنی پێشنیازی وەزارەتی دارایی و ئابوری و تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی دا بە یەكخستنی یاسای خانەنشینی لەسەرتاسەری عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە لەپێناو بەرژەوەندیی خانەنشینانی هەرێم.

بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەدا، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی لە دووتوێی راپۆرتێكدا بە داتا و زانیاریی بابەتی هاوتاكردنی مووچەی خانشینانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هاوتاكانیان لە حكومەتی عێراق خستەڕوو ئەمەش بەپێی یاسای خانەنشینیی یەكگرتوو ژمارە 9ی ساڵی 2014 كارپێكراو لە بەغداد كە یاسای ژمارە 27 ی ساڵی 2006 ی هەڵوەشاندووەتەوە، هەروەك لە بڕیاری دادگای فیدراڵی هاتووە و لە راپۆرتی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی داراییش پێشنیازكراوە كە لە هەرێمی كوردستانیش هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عێراق، كار بە یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014 بكرێت بە ئاراستەی یەكسانی لە مووچە و ئیمتیازات و شایستەی دارایی خانەنشینان كە ژمارەیان لە هەرێمی كوردستان 277 هەزار و 541 كەسن و خەرجیی كۆی مووچەی مانگانەی ئێستایان 122 ملیار دینارە و ئاماژەیدا بەوەی لە هەرێم كەمترین بڕی مووچەی خانەنشینی 220 هەزار دینارە، لە كاتێكدا كەمترین مووچە لە ناوچەكانی دیكەی عێراق 500 هەزار دینارە.

دواتریش هەریەك لە ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران و عەبدولحەكیم خەسرەو سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون روونكردنەوەی پێویستیان خستەڕوو و سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران وردەكاریی جیاوازییەكانی نێوان هەردوو یاسای خانەنشینیی كارپێكراو لە هەرێم ژمارە 27ی ساڵی 2006 و یاسای خانەنشینی یەكگرتووی فیدڕاڵ ژمارە 9ی ساڵی 2014ی خستەڕوو، ئاماژەی بەوەدا كە بە شێوەیەكی گشتی جێبەجێكردنی یاسای ساڵی 2014 لە بەرژەوەندیی خانەنشینانی هەرێمە كە مووچە و شایستەكانیان هاوتادەكات لەگەڵ هاوەڵەكانیان لە حكومەتی فیدڕاڵ بە تایبەتیش لە رووی كەمترین بڕی مووچەی خانەنشینی لە هەرێم كە لە ناوچەكانی دیكەی عێراق كەمترە، ئەمە جگە لە دەرماڵەی بژێویی كە بڕەكەی 100 هەزار دینارە و مانگانە بۆ خانەنشینانی عێراق خەرجدەكرێت لەسەروو مووچەكانیان، سەرەڕای وەرگرتنی پاداشتی كۆتایی خزمەت لە لایەن خانەنشینان لە حكومەتی فیدڕاڵ لەسەر بنەمای كۆی دوا مووچە و دەڕماڵە نەك تەنها مووچەی بنەڕەتی.

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری پەسەندكردنی پێشنیازی وەزارەتی دارایی و ئابوری و تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵ و هەرێمی دا بە یەكخستنی یاسای خانەنشینی لەسەرتاسەری عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە لەپێناوی بەرژەوەندیی خانەنشینانی هەرێم و هاوتاكردنی مووچەكانیان لەگەڵ هاوەڵەكانیان لە حكومەتی فیدڕاڵ، وەزارەتی دارایی و ئابوری و دیوان و سكرتارییەتی ئەنجومەنی وەزیران ڕاسپێردران بۆ رێكاری یاسایی و ئیداریی پێویست بگرنەبەر و لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لە پەیوەندیدابن بۆ ئەم مەبەستە تا سەرجەم پێداویستیە دارایی و یاساكانیان تەواوبكرێن و لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمیش، وەزارەتی دارایی و ئابوری بەردەوامبێت لە هەنگاوەكانی ئامادەسازیی رێكخستنەوەی كەرتی خانەنشینی لەچوارچێوەی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی فیدڕاڵیی ژمارە 9ی ساڵی 2014 تا دواتر رێكکەوتنی پێویستی لەسەر بكرێت لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵیی.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی بابەتی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێم و مووچەی مانگی پێنج و شەشی پێشمەرگە و ئاسایش و دواپێشهاتی وردبینی و پێداچوونەوەی لیستی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە كرا و ئەنجومەنی وەزیران جەختیكردەوە كە پێویستە وەزارەتەكان بەردەوامبن لە ناردنی لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە لە 10 رۆژی یەكەمی هەموو مانگێك تاوەکو هیچ بیانوویەك نەمێنێت كە ببێتە هۆی دواخستنی مووچەی مانگانەی مووچەخۆران و دووپاتیشیكردەوە كە بەردەوام بن لە ئاسانكاریكردن بۆ تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی.

بابەتی پێشتر

سۆران عومەر: نووسراوەكەی دادگای فیدراڵی دەربارەی هەژماری من نییە

بابەتی دواتر

بەهای دۆلار زیاتر بەرزبووەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

مەکى ئامێدى: ئەژى ئەمین و دەستەكەی دەپاڕێنەوە تا تۆمارەکانى بنەماڵەى بارزانى بڵاونەکەمەوە

چالاكوانێكی ئۆپۆزسیۆن نهێنیی پەیوەندییەكانی نێوان ئەژی ئەمین و پارتی ئاشكرادەكات و دەڵێت، دەپاڕێنەوە تا تۆمارە دەنگییەكانی سەركردەكانیان بڵاونەكەمەوە.…
Total
0
Share