قائیمقامیەتی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لە رۆژانی جەژندا كەمترین رووداو و سەرپێچی لە سلێمانی تۆماركراون.
بەپێی راگەیەندراوێكی قائیمقامیەتی سلێمانی كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، لە رۆژانی جەژنی قورباندا بەهۆی جێبەجێكردنی ئەو ئەركانەی بۆ هێزە ئەمنییەكان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان دیاریكرابوو، كەمترین رووداو و سەرپێچی لە سلێمانی تۆماركراون و زۆرترین گەشتیاریش رووی لە شارەكە كردووە.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، بەر لەهاتنی پشووەكانی رۆژانی جەژن، قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەر و نوێنەری هێزە ئەمنییەكان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان و یەكێتیی زانایانی ئایینی و لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت كۆبووەوە و پلانی پێشوازی لە گەشتیاران و پاراستنی تەندروستی و سەلامەتیی هاوڵاتیسان لە رۆژانی جەژندا دانرا و بەپێی پلانەكە تیمی هاوبەش دروستكرا بۆ رێگری لە ئەنجامدانی قوربانی بەشێوەی ناتەندروست و بڵاوكردنەوەی تیمی تەندروستی و ئەمنی لە هەموو ئەو شوێنانەی كۆبوونەوەی هاوڵاتییان و گەشتیارانی تێدا دەبێت، بە تایبەت ناوچە گەشتیارییەكان.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، دوای كۆتایی هاتنی پشووەكانی جەژن بەپێی ئەو ئامارانەی لای فەرمانگە ئەمنی و پەیوەندیدارەكانە بەراورد بە رۆژانی جەژنی ساڵانی رابردوو كەمترین رووداو و سەرپێچی لە سلێمانی تۆماركراوە ئەو سەرەڕای ئەوەی كە لەم چەند رۆژەدا زیاتر لە (160)هەزار گەشتیار رووی لە سلێمانی كردووە.
هاوكات قائیمقامی سلێمانی سوپاسی هاوڵاتییانی كرد كە هاوكاربوون لە سەرخستنی كاری فەرمانگە پەیوەندیدارەكان و پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستی و ڤێترنەرییەكان بە تایبەت بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو كە كەمترین سەربڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی كوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی كراوە، ئەو كەسانەیش كە پابەندی رێنماییەكان نەبوو رێكاری یاساییان لەگەڵ گیراوەتەبەر.