کەمی رێژەی منداڵبوون سەرۆکی کۆریای باشووری ناچار بە راگەیاندنی باری نائاسایی دیمۆگرافی کرد

سەرۆکی کۆریای باشوور بەهۆی کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان و رێژەی لەدایکبوون لە وڵاتەکەیدا باری نائاسایی دیمۆگرافی راگەیاند و بەڵێنیدا هەوڵی سەرتاسەری بۆ زیادکردنی ژمارەی دانیشتووان بدات.

یون سیۆک یۆل، سەرۆکی کۆریای باشوور لە بەیاننامەیەکدا لە میانی کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی سەرۆکایەتی بەمەبەستی هۆکارەکانی کەمبوونەوەی رێژەی لەدایکبوون ئاماژەی بەوەکرد، ”ئەمڕۆ بە رەسمی باری نائاسایی دیمۆگرافی نیشتمانی رادەگەیەنم، ئێمە سیستمێکی تۆکمەی وەڵامدانەوە لەسەر ئاستی حکومەت کارا دەکەین بۆ ئەوەی زاڵبین بەسەر کێشەی کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان و رێژەی لەدایکبوون لە وڵاتدا”.

لەو بارەیەوە سەرۆکی کۆریای باشوور چەند رێکارێکی بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە راگەیاند و ئەوەی خستەڕوو، ”سێ بواری سەرەکی کە ئەوانیش بریتین لە هاوسەنگی ژیانی کار و باشترکردنی چاودێریی منداڵان و دابینکردنی خانووبەرەی باشتر چارەسەری ئەو پرسە دەکەن”.

بۆ ئەو مەبەستە و دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی ئەو پرسە، سەرۆکی کۆریای باشوور ئەوەی ئاشکراکرد، ”وەزارەتێکی نوێ دروستدەکرێت کە ناوی وەزارەتی پلاندانانی ستراتیژیی دانیشتووان دەبێت و پلەی وەزیرەکەشی وەک جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری کۆمەڵایەتی دەبێت”.

بەپێی ئامارێکی حکومەتی کۆریای باشوور کۆی رێژەی منداڵبوون لەو وڵاتە لە ساڵی 2023 بۆ نزمترین ئاست دابەزی کە 0.72 منداڵ بوو بۆ هەر دایکێک و پێشبینیش دەکرێت لە ساڵی 2024دا بگاتە 0.68 منداڵ، ئەوەش مەترسی لەسەر ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە دروستکردووە و نزمترین ئاستی داواکراوە بۆ هێشتنەوەی ژمارەی دانیشتووان لە 51 ملیۆن کەسدا.

بابەتی پێشتر

ئامارەکانی قوربانیکردن لە سنووری سلێمانی راگەیەندرا

بابەتی دواتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی: رووداوەكەی سنووری ئیتاڵیا مایەی راچڵەكینی گەورەیە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share