جێگری سەرۆک وەزیران رایدەگەیەنێت، لەمەودوا بە بەردەوامی هەڵسەنگاندن بۆ ئەدای بەڕێوەبەرایەتییەکان دەکرێت
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئیدارەی راپەڕین کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا قسە لەسەر بەگەڕخستنەوە و تەواوکردنی چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری تایبەت بە دەڤەرەکە کرا.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە بە ئامادەبوونی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین بەڕێوەچوو، پاش گفتوگۆکردن لەبارەی ئەو پڕۆژانەی کە کارکردن تێیاندا وەستاوە، ئامادەکاری کرا بۆ بەگەڕخستنەوە و تەواوکردنیان لە کەرتە جیاوازەکان و بودجەی پێویستیشیان بۆ دابیندەکرێت. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند، چاودێری جێبەجێکردنی پڕۆژەکان دەکات و جەختیکردەوە لەسەر تەواوکردنیان لە زووترین کاتدا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ ئەدای فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی سنوورەکە کرا. قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە رەخنە و گلەیی بەشێک لە هاوڵاتییان لە هەندێک لە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان رایگەیاند، ئامانجی سەرەکیی ئێمە رەزامەندی خەڵکە لە ئەدای فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان، بۆیە پێویستە بەرپرسانی دامودەزگاکان پێداچوونەوەی تەواو بە شێوازی راپەڕاندنی کاروباری هاوڵاتییاندا بکەن و بە کەمکردنەوەی رۆتین کارئاسانی تەواو بۆ هاوڵاتییان و وەبەرهێنەران لە سنوورەکەدا بکەن.
هەر لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە لەمەودوا بە بەردەوامی هەڵسەنگاندن بۆ ئەدای بەڕێوەبەرایەتییەکان دەکرێت و هەر کاتێکیش پێویست بکات گۆڕانکاری لە پۆستە ئیدارەییەکاندا دەکرێت.