كۆسرەت رەسوڵ عەلی لە پەیامێكدا رایدەگەیەنێت، نابێ ئەوەمان لەبیربچێت ئەوەی بەدەستهاتووە ئەمانەتی خوێنی شەهیدان و قوربانیی تێکۆشەرانە پێویستە بیپارێزین و پەرەی پێبدەین.
دەقی پەیامەكە:
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان
پێشمەرگە قارەمانەکان
کەمئەندامانی سەنگەرو زیندانیانی سیاسی
یەکێتییە سەربەرزەکان
ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان لە ئێوە و خەڵکی کوردستان و یەکێتییە سەربەرزەکان پیرۆز دەکەم، ئومێدەوارم هەمیشە یەکێتیی لە لووتکەی سەرکەوتن ببینم و پێشەنگی خزمەتکردن بێت.
ئەوێ رۆژێ، دوای نسکۆی شۆڕش نائومێدی باڵی بەسەر کوردستان کێشابوو، رژێمی فاشیستی بەعس لە لووتکەی هێزو دەسەڵاتی بوو، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان شۆڕشی هەڵگیرساندەوە و لە چیا سەرکەشەکانی کوردستانەوە بەرەنگاری بەعس بووەوە بۆ یەکەمجار لە مێژووی گەلەکەمان شۆڕش و قوربانیدانەکەی بە راپەڕین و رزگارکردنی کوردستان کۆتایی هات و بووین بە خاوەنی حوکمڕانی خۆمان.
ئەمڕۆ کە ئەم یادە پیرۆزە دەکەینەوە، لە سایەی خەباتی یەکێتیی و هێزە کوردستانییەکان، خوێنی شەهیدان و قوربانی تێکۆشەرانمان کوردستان خاوەنی قەوارەیەکی دەستوورییە، ئەرکە لە سەرشانی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان خەبات بکەن لەپێناو باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک، چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەکان و کۆتایی هێنان بە قەیران و ململانێکان، نابێ ئەوەمان لەبیربچێت ئەوەی بەدەست هاتووە ئەمانەتی خوێنی شەهیدان و قوربانی تێکۆشەرانە پێویستە بیپارێزین و پەرەی پێبدەین، خەبات بەردەوام بێت لەپێناو گەیشتن بە ئاواتە لەمێژینەو وەدینەهاتووەکانی گەلەکەمان.
جارێکی تر پیرۆزبایی گەرمی خۆم لە یەکێتییە تێکۆشەرەکان دەکەم، هیوادارم وەک هەمیشە یەکێتیی داکۆکی لەمافە دیموکراسی و نەتەوەییەکانی گەلەکەمان بکات.
کۆسرەت رەسوڵ عەلی