ستران عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی لە وتارێکیدا بە ناونیشانی مەعلوم ئەمە خەبات نییە، دەڵێت، ”قەت رێی تێناچێت ئەمە ئەو رۆژنامەیە بێت کە رۆژێک لە رۆژان مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەری بوو”.
دەقی وتارەکەی ستران عەبدوڵا:
مەعلوم ئەمە (خەبات) نییە
مەعلوم ئەمە (خەبات) نییە، مەعلوم ئەمە شتێکی ترە، چونکە خەبات رێوشوێنی خۆی هەیە و نازناوە بۆ تێکۆشان و گیانفیدایی سیاسیی و میدیایی، نەک گاڵدان و هاندان و خەبەردان لە شارێکی نیشتمان کە سلێمانییە و هەقی زۆری بەسەر پارتایەتی و دیموکراتی و کوردستانەوە هەیە.
قەت رێی تێناچێت ئەمە ئەو رۆژنامەیە بێت کە رۆژێک لە رۆژان مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەری بوو، کە رۆژێک لە رۆژان ئیمتیازی ناوەکەی بە پارتی دیموکراتی کوردستان بەخشی و بە پێی یاسا بەرکارەکانی عێراقی جەمهوری سەردەمی قاسم بە هەمان خاوەندارێتییەوە رۆژنامەی کوردستانی دەرکرد.
قەت رێی تێناچێت ئەمە ئەو خەباتە بێت کە مام جەلالی گەنج گۆشەی یاداشتی تێدا دەنووسی و مینبەری رەوای بزووتنەوەی کوردایەتی بوو بە زمانی رەوانی عەرەبی، زەحمەتە ئەمە ئەو رۆژنامە بێت کە رۆژێک سەروتاری خۆی تەرخانکرد بۆ داکۆکی لە ئومەی کوردی وەک هاوبەشی ئەم وڵاتە و لەسەر ئەوەش سەرنووسەرەکەی درایە دادگا، کەچی ئێستا بە زمانی شیرینی کوردی راپۆرت لەسەر پایتەختی رۆشنبیری دەدات و لە لاپەڕە یەکدا، بە کامی دڵ و بە مانشێت، خاوەندارێتی لەسەر دەکات.
راستە عادەتەن رۆژنامەی بە تەمەن بە گوێرەی خاوەندارێتییەکەی گێڕ دەگۆڕێت و زەمەن و دەوران فێری پێچە بە دەورەی دەکات، بەڵام قەت باوەڕ ناکرێت رۆژنامەی ئەهرامی میسری لە وێستگەی خدێوی و ئینگلیز و مەلیکەوە تاوەکو زەمانی ناسر و هەیکەل ئینجا بۆ رۆژگاری موبارەک ئاوا پێچەبەدەورەیان لە قاهیرە و ئەسکەندەرییە کردبێت و بە وتار و راپۆرتان غەوارەیان لە دژی هاونیشتمانانیان گاڵدابێت.
قەت ئەمە نابێتە بەشێک لە مێژووی رۆژنامەگەریی کوردی و نابێتە بەشێک لە مێژووی جوڵانەوەی رزگاریخوازی کوردستان.