سەرچاوەیەک لە سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت، تاكە لایەنێکی کوردستانیی کە سکاڵای لە دژی سکاڵاکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکردبێت، تەنها یەکێتی بوو.
سەرچاوەکە لە لێدوانێكدا بۆ میدیای رەسمیی یەكێتی راشیگەیاند، یەکێتی سکاڵایەکی لە دادگای فیدراڵی و سکاڵایەکی دیکەشی لە دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆماركردووە، سەرەنجام دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان لە بەرژەوەندیی یەکێتی بریاریدا.
ئەوەشی وت، “پێشتر بەڵێنمان بە یەکێتییەکان و سەرجەم دەنگدەرانی کوردستان دابوو، کە رێکاری یاسایی دەگرینەبەر بۆ لابردنی هەموو ئەو بەربەستانەی کە دەخرێنە بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان”.
سەرچاوەكە دووپاتیشیكردەوە، یەکێتی راستگۆبوو لەگەڵ خۆی و لەگەڵ جەماوەری کوردستانیش، بۆیە دواجار ئیرادەی حەق سەرکەوت و، بەردەوام دەبن لەسەر رێکارە یاسایی و هەوڵە دیپلۆماسی و سیاسییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا.
ئەوەشی وت، “ئەو هێز و گروپانەی ژێر بەژێر هاوبیربوون لەگەڵ پارتی و بەنهێنی هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردنەکانیان دەدا، بە ئاشكرا و لەڕێی میدیاشەوە هەوڵی چەواشەکردنی جەماوەریان دەدا و یەکێتیان بەوە تۆمەتبار دەکرد گوایە لەگەڵ پارتی دەیانەوێت هەڵبژاردن دوابخرێت، پێیان دەڵێین پەتی درۆ زۆر کورتە و دڵنیابن لە بەرامبەر هەواڵە چەواشەکاری و درۆکانتان، جەماوەری کوردستان لەرێی سندوقەکانی دەنگدانەوە بەتوندی سزاتان دەدات”.