قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بەرپرسانی ئیداریی کۆیە کۆبووەوە

جێگری سەرۆك وەزیران لە كۆیە لەگەڵ توێژە جیاجیاكان كۆدەبێتەوە و جەخت لەسەر گرنگی خزمەتكردنی هاوڵاتییان دەكاتەوە.

قوباد تاڵەبانی، جێگرى سەرۆک وەزیران گەیشتە شارى کۆیە و سەرەتا لەگەڵ ژمارەیەک لە دادوەران و دواتر لەگەڵ بەرپرسی فەرمانگە و یەکە ئیدارییەکانی سنوورەکە کۆبووەوە و، ئاستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارى بە هاوڵاتیان و گۆڕانکاری پێویست لە پۆستە ئیدارییەکان تاوتوێکرا.

لە سەرەتاى کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی تاریق حەیدەر قایمقامی کۆیە بەرێوەچوو، دۆخی ئێستاى شارەکە گفتوگۆی لەبارەوەکرا بە ئامانجی کاراترکردنەوەى پرۆسەى ئاوەدانی و خزمەتگوزارى لەگەڵ دۆزینەوەى چارەسەر بۆ ئەو گرفت و ئاستەنگانەى کە رووبەرووى دانیشتوانی شارەکە دەبێتەوە.

جێگری سەرۆک وەزیران دووپاتیکردەوە، لەپێناو چالاککردن و بەهێزکردنی کەرتی تایبەت و راکێشانی سەرنجی وەبەرهێنەران بۆ وەگەڕخستنی سەرمایەکانیان لە کۆیە، دەبێ بەدواداچوونی پێویست بکرێت بۆ دیاریکردنی کەموکورتی و گرفتە سەرەکیەکان و چارەسەرکردنیان تا وەبەرهێنەران بتوانن رۆڵى خۆیان ببینن.

لەم پێناوەشدا قوباد تاڵەبانی فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی راسپارد کە هەموو هاوکاریی و کارئاسانییەک پێشکەش بکەن بە وەبەرهێنەران و کاربکەن بۆ کەمکردنەوەى رۆتین لە فەرمانگەکان لەپێناو خێراترکردنی بەجێگەیاندنی کاروبارەکانی وەبەرهێنەران و خاوەن سەرمایەکان بۆ خستنەوەگەڕى پرۆژەکان لە کۆیە.

جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەى بەوەکرد، شاری کۆیە لێمان دەخوازێ کە خزمەتی زیاتری بکەین بۆیە لەم سۆنگەیەشەوە لەهەر شوێنێک و لەهەر پۆستێکدا پێویست بە گۆڕانکارى بکات ئەنجامی دەدەین لەپێناو باشتر خزمەتکردنی هاوڵاتیان. لەوبارەیەوە بە بەرپرسانی ئیداری شارەکەی راگەیاند کە دەبێ باش بن لەگەڵ خەڵک و وەکو خزمەتکار مامەڵە بکەن، چونکە ئەوان ئیشیان ئەوەیە خزمەت بکەن.

لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا باس لە میکانیزمی چۆنێتی چارەسەرکردنی کێشەی زیادەڕەوی بۆ سەر زەوی و موڵک و ماڵی گشتی کرا.

بابەتی پێشتر

کاسبکارانی بازاڕی قەیسەریی هەولێر دووکانەکانیان نۆژەندەکەنەوە

بابەتی دواتر

بەڕێوەبەری پۆلیسی کەلار: ئەو شۆفێرەی تۆمەتبارە بە وەرگەڕانی مینی پاسەکەی گەرمیان دەستگیرکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share