بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە واشنتن لەگەڵ برێت مەكگۆرك، رێكخەری كۆشكی سپی بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا كە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكان ئامادەبوو، دوایین رووداو و گۆڕانكارییە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گفتوگۆیان لەبارەوەكرا و جەخت لە هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان كرایەوە بە ئاڕاستەی پاراستنی سەقامگیری، پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و گەشەپێدانی دیموكراسی لەناوچەكەدا.
سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە دۆخی هەرێمی كوردستان و پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كرد و رایگەیاند، “هەڵبژاردن مافێكی سەرەتایی هاونیشتمانییان و پایەیەكی گرنگی دیموكراسییە، هەنگاوێكی گرنگە بە ئاڕاستەی نوێبوونە و گۆڕانكاری لە پرۆسەی حوكمڕانیدا، بۆیە بە هەموو شێوەیەك دژی ئەو هەوڵانە دەوەستینەوە كە دەیانەوێت بەربەست لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی بێگەرد دروستبكەن و قەوارەی هەرێمی كوردستان و ئەو رووخسارە گەشەی هەرێمەكەمان كە هەوڵی بۆ دەدەین، بكەوێتە مەترسییەوە.
لەبارەی یەكخستنی هێزی پێشمەرگە و هەوڵەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە تایبەت ئەمریكا لە پڕچەككردن و خێراتركردنی پرۆسەكە، سەرۆك بافڵ وتی، “هەوڵەكان جێی بایەخە و بە رێزەوە لێی دەڕوانین، بەردەوامیی هاریكاری و هەماهەنگییە سەربازی و هەواڵگرییەكان لە نێوان هێزی پێشمەرگە، هێزە عێراقییەكان و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەكە دووپاتدەكەینەوە”.
سەرۆك بافڵ ئاماژەی بە هەنگاوەكانی رێككەوتنی نوێی نێوان عێراق و ئەمریكا كرد و رایگەیاند، “پێویستە هەموو هەنگاوەكان لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵا و نیشتمانییەكاندا بن و بڕیارەكان لەپێناو ئاشتی و ئاوەدانیی وڵاتدا بێت”.