قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران، سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەڵەبجەی كرد و لە كۆبوونەوەیەكدا گفتوگۆكرا لەبارەی میكانیزمی چۆنێتیی بەهێزكردنی ژێرخانی ئابوری و بەرەوپێشبردنی لە پارێزگاكەدا.
لە میانی كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی دووشەممە بەڕێوەچوو، هەڵسەنگاندن كرا بۆ پەرەسەندنەكانی باری ئابوری لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و جووڵەی بازرگانی لە ناوچەكەدا.
جێگری سەرۆك وەزیران، ئاماژەی بەوەدا كە پێویستە هانی وەبەرهێنەران بدرێت بۆ وەگەڕخستنی سەرمایەكانیان لە شارەكەدا بۆ ئەمەش پێویستە لەسەر فەرمانگە حكومییەكان كارئاسانی بكەن بۆ راپەڕاندنی كاروباری وەبەرهێنەران و سەرمایەداران و خاوەنی پرۆژەكان لە هەڵەبجە.
جەختیشیكردەوە كە دەكرێت وەبەرهێنان لە بوارە جیاجیاكاندا بكرێت بە تایبەت لە گەشتوگوزار و كشتوكاڵ، چونكە ناوچەكە كەشێكی لەباری هەیە بۆ ئەوەی پەرە بەو دوو سێكتەرە بدرێت و بۆ ئەو مەبەستەش ئاماژەی بە پڕۆژەی گەشتوكاڵ-دا و وتی، “گەشتوكاڵ پڕۆژەیەكی گونجاوە بۆ ئەوەی بكرێتە سەرچاوەیەكی داهات و سێكتەرێك بۆ رەخساندنی هەلی كار لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، هەر بۆ ئەو مەبەستەش لە دەڤەری هەورامانەوە دەستمان بەو پڕۆژەیە كردووە”.
هاوكات جێگری سەرۆك وەزیران بە گرنگییەوە باسی لەوەكرد پێویستە پردێكی پەیوەندی لە نێوانی ناوەندە ئەكادیمیەكان لە زانكۆ و پەیمانگاكان فەراهەمبكرێت تا دەرچووی زانكۆكان هەڵگری ئەو بڕوانامانەبن كە پێویستن بۆ بازاڕی كار و بەم جۆرەش هەلی كاری زیاتر دەڕەخسێت.
هەر لە میانی كۆبوونەوەكەدا، بڕیاردرا لەسەر پێكهێنانی بۆردێكی تایبەت بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی وەبەرهێنەران و كەمكردنەوەی رۆتین لە دامودەزگا حكومییەكاندا بۆ ئەوەی بتوانرێت باشتر و خێراتر خزمەتی شارەكە بكرێت.