بەرپرسی پێشووی میدیای فەرمی ئێران چەند وردەكارییەكی ژیانی مام جەلال باسدەكات و داواشدەكات بەرپرسانی وڵاتەكەی چاوی لێبكەن و وانەی لێوەفێربن.
عزەتوڵا زرغامی، بەرپرسی پێشووی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران باس لە دیدارێكی پێشووی دەكات لەگەڵ مام جەلال، سەرۆككۆماری پێشووی عێراق و دەڵێت، مام جەلال جەختیكردووەتەوە لەسەر پێویستی لێكنزیكبوونەوەی نێوان هەردوو مەزهەبی شیعە و سوننە.
دەربارەی كەناڵە كوردییە ئێرانییەكانیش زرغامی لەسەر زاری سەرۆككۆماری كۆچكردووەوە وتی، “سەیری بەرنامە تەلەفزیۆنییەكانی پارێزگای ئیلام (كوردی فەیلی) كردووە، پێی وابووە زاراوەی كەناڵەكە گونجاوە لەگەڵ وەرگرەكانی لە هەرێمی كوردستان و بەتایبەت لە سلێمانی”.
بەرپرسە ئێرانییەكە ئاماژە بە هەڵسوكەوتی باڵای مام جەلال-یش دەكات و دەڵێت، “نەگۆڕاوە تەنانەت پاش ئەوەی بووەتە سەرۆكی عێراق بەڵكو خاكی بوونەكەی زیاتر بووە، ئەمە وانەیەكی گرنگە پێویستە بەرپرسانی ئێرانی لێوەی فێربن”.
مام جەلال
جەلال حیسامەدین شوکروڵڵا تاڵەبانی (12ی تشرینی دووەمی 1933- 3ی تشرینی یەكەمی 2017) دامەزرێنەر و سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆ زیاتر لە 50 ساڵ داكۆكیكاری مافی چارەنووسی گەلی كوردستان و ماف و ئازادی و دیموكراسی بوو لە عێراقدا.
تاڵەبانی ئەندامی ئەنجومەنی حوكم و شەشەم سەرۆككۆماری عێراق بوو لە ماوەی نێوان 2006 تا 2014 و یەكەم كورد بوو پۆستی سەرۆککۆماری عێراق وەربگرێت.
ڕۆژی 3ی تشرینی یەكەمی 2017 لە تەمەنی 84 ساڵیدا بەنەخۆشی کۆچی دوایی کرد.