بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە واشنتن لەگەڵ خاتوو ئەلیزابێس ریچارد، رێكخەری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا كە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكان ئامادەبوو، دۆخی ئەمنیی ناوچەكە، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەردەوامیی هەماهەنگییە سەربازی و هەواڵگرییەكان تاوتوێكران.
سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ستایشی رۆڵی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەتایبەت ئەمریكای كرد لە هاوكاریكردن و بەرەوپێشبردنی توانا سەربازی و هەواڵگرییەكانی هەرێمی كوردستان و رایگەیاند، “بەردەوامیی هاوكارییەكان و فراوانكردنی هەماهەنگییەكان فاكتەرێكی گرنگن بۆ رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەكانی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەكەدا”.
لەدرێژەی كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بافڵ جگەلەوەی راپۆرتێكی وردی لەبارەی دوایین رووداوە ئەمنییەكانی ناوچەكە و پاراستنی ژیانی خەڵكەوە پێشكەشكرد، وتیشی، “مەترسییەكانی تیرۆر بەردەوامن، نادیدەگرتنی جووڵەكانیان سەقامگیریی ناوچەكە دەخاتە مەترسییەوە و دەبێتە هەڕەشەیەكی جددی لەسەر ژیانی خەڵك، بۆیە بەردەوامیی هەماهەنگییەكان لە نێوان هێزەكانی هەرێمی كوردستان، عێراق و ئەمریكا لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكاندا، هەنگاوێكی گرنگ و كاریگەرە بۆ بنبڕكردنی تیرۆریستان و پاراستنی ئارامیی ناوچەكە.