ئەمڕۆ 17ی نیسانی 2024 جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەكانە كە بە (چوارشەمبەی سۆر) بەناوبانگە.
سەری ساڵی ئێزدییەكان دەكەوێتە یەكەمین چوارشەممەی مانگی نیسانی خۆرهەڵاتی هەموو ساڵێك، كە بەرامبەرە بە سێیەمین چوارشەممەی مانگی نیسان (بە رۆژژمێری زایینی)، بەوەش ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی نیسان دەبێتە ئەو بۆنەیەی ئێزدییەكان.
لەم رۆژەدا ئێزدییەکان جەژنە پیرۆزە لە یەكتری دەكەن، جگە لەوەش لەم مانگەدا زەوی ناکێڵن، دار نابڕنەوە و هاوسەرگیری ناکەن. ئێزدییەكان باوەڕیانوایە کە ئایینەکەیان کۆنترین ئایینە و سروشتی جەژنەکانیان هەموو پابەندە بە سروشت ( ئاووهەوا، رۆژ و خاك)ەوە.
هەر لەم رۆژەدا ئێزدییەكان ماڵەكانیان بە گوڵاڵە سورە دەڕازێننەوە و خواردن بەسەر هەژاراندا دابەشدەكەن.
چی دەكرێت؟
دوای تەواوبوونی رێوڕەسمە ئایینییەکان لەو رۆژەدا، خەڵک دەچنەوە ماڵەکانیان و پاشان بۆ پیرۆزکردنی ئەو جەژنە سەردانی یەكتری دەکەن و خواردنی تایبەت دروستدەکرێت. ئێزدییەکان لەو رۆژەدا گوڵ لەسەر سەریان دادەنێن.
مانگی نیسان لەلای کوردانی ئێزدی تایبەتمەندیی خۆی هەیە، لەو مانگەدا هیچ رێوڕەسمێکی بوک گواستنەوە ئەنجام نادەن. لەم جەژنەدا هێلکە رەنگ دەکەن و کچ و کوڕ دەچنە دەشت و دەر و گوڵی نیسان دەکەن و لە یەخەی یەکدی دەدەن.
دوای رەنگکردنی هێلکەکان، پیاوەکان توێکڵی هێلکەکان دەخەنە نێو زەوییەکانیان بۆ ئەوەی بە بڕوای خۆیان “بەرەکەت” بکەوێتە رزق و رۆزییان.
بەر لە مانگی نیسان، پیری ئێزدییەكان کەمێک خۆڵ دەهێنێت بۆ پەرستگای لالش، لەبەر ئەوەی لە مانگی نیساندا حەرامە زەوی هەڵبکۆڵن ئەو خۆڵەش بۆ ئەوەیە دەیکەن بەقوڕ و چەپکە گوڵی (براکانی نعمان) و هێلکە رەنگراوەکانی پێهەڵدەواسن، هەروەها ژنانی مەڕدۆش دەچن بۆ لای شوانەکان بۆ جەژنە پیرۆزە و خواردنیان بۆ دەبەن گۆپاڵی کۆنەکانیان دەشکێنن و گۆپاڵی نوێیان پێدەدەن، شوانەکانیش رێگا بە بەرخەکانیان دەدەن بە ئازادی بچن بۆ لای دایكیان تاکو تێر و پڕ شیر بخۆن بە بۆنەی ساڵی نوێ.وە، بەوەش نەك هەر مرۆڤ بەڵكو گیاندارەكانیش لەو رۆژەدا خۆشی دەبینن.
ئێزدیی یەكێكە لە ئاینە رەسەنە و دێرینەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام زانیاری ئەوتۆ سەبارەت بەم ئاینە لەبەردەستدا نییە، بەهۆی ئەوەی باوەڕدارانی ئەم ئاینە باسی ئاین و بیروباوەڕەكانیان بۆ كەسانی دیكە ناكەن.
لە ساڵی 2013دا و بە بڕیاری پەرلەمانی كوردستان جەژنی چوارشەممە سوری ئێزدییەكان لە هەرێمی كوردستان كرایە پشوو.