مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی ئێزدییەکانەوە پیرۆزبایی ئاڕاستەی ئێزدییەکان دەکات و دەڵێت، ”ئێزدییەكان پێكهاتەیەكی رەسەنی كوردستانن و یەکێتی بەئەرك و پابەندبوونی پتەوی خۆی دەزانێت وەک هەمیشە پارێزەری شوناسی تایبەتمەندییەکانیان بێت”.
دەقی پەیامی پیرۆزباییەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:
بە بۆنەی سەری ساڵی ئێزدیی پیرۆزبایی گەرم لە خوشك و برا ئێزدییەكان لە كوردستان و عێراق و جیهان دەكەین و هیوادارین جەژنەکەیان بە شادی و ئارامی ببەنە سەر.
ئێزدییەكان پێكهاتەیەكی رەسەنی كوردستانن و لە کاروانی بزوتنەوەی كوردایەتی و بەتایبەتی لە شۆڕشی نوێدا چەندین سەركردە و فەرماندەی لێهاتویان بەشداریی کارایان هەبووە و لە نێوخەباتی پێشمەرگایەتیدا گیانیان بەخشیوە، لە مێژووی دێرین و هاوچەرخیشدا چەندین جار لە لایەن دوژمنانەوە رووبەڕووی جینۆساید بوونەتەوە، بەتایبەتی لە هێرش و پەلامارەکانی چەند ساڵی رابردووی تیرۆریستانی داعش، بەڵام ئێزدییەکان پێداگرییان لە مانەوەی شوناسی خۆیان کردووە.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ئەرك و پابەندبوونی پتەوی خۆی دەزانێت وەک هەمیشە پارێزەری شوناسی تایبەتمەندییەکانی ئێزدییەكان بێت و داواش دەکات هەنگاوەكانی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیان لێكەوتووەكانیان بە هەماهەنگی زیاتری حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی كاراتربکرێت لەپێناو گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان و چەرمەسەریەکانیان پەیوەست نەکرێن بەبابەتی دیکەوە.
لەپێناو داهاتوویەکی گەشتر و پتەوکردنی گیانی پێکەوە ژیان لە نێوان گشت پێکهاتەکانی کوردستان و عێراقدا، تەئکید لە دابینکردنی ژیانێکی شایستە و سەربەرزانە بۆ ئێزدییەکان و گشت پێکهاتەکانی دیکەی کوردستان و عێراق دەکەینەوە.