لەتیف نێروەیی: پەیامی یەكێتی رەسمی و شەفافە و لەگەڵ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردە

لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتی لە وتارێكیدا دەڵێت: ” یەكێتی پەیامێكی رەسمی و شەفافی هەیە و لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دایە و نایەوێت دوابخرێت”، دەشڵێت، “بەلای ئێمەوە هەژماری من بمێنێت یان نەمێنێت گرنگ نییە، بەڵكو ئەوەی گرنگە چارەسەركردنی كێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە”.

لەتیف نێروەیی، لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە وتارێكیدا بەناونیشانی، “وەڵامدانەوەی پرسیارەكانی تایبەت بە هەڵوێستی یەكێتی”، وەڵامی سێ پرسیاری باوی رۆژ دەداتەوە كە لە ماوەی هەفتەی رابردوودا زۆرترین پرسیار بوون و ئاراستەی یەكێتی كراون كە پرسیاری یەكەم بریتییە لە، “ئایا راستە یەكێتی و پارتی لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رێككەوتوون، كە لایەنێكی سیاسی لە رێگای میدیای خۆیەوە رۆژانە ئاماژە بەوە دەدات ؟!”.
لە وەڵامدا نێروەیی دەڵێت، “بڕیاری دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردن، یان بڕیاردان لەسەر دواخستنی وادەی هەڵبژاردنەكان بەدەست حزبەكانەوە نییە تاوەكو یەكێتی یان هەر حزبێكی دیكە رێككەوتن بكات، بەڵكو ئەو پرسە پەیوەستە بە سەرۆكی هەرێم و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە”.
پرسیاری دووەم كە لە وتارەكەدا وەڵامی دراوەتەوە بریتییە لە، “ئەگەر هەڵبژاردن بكرێت و دوانەخرێت، بەڵام لە سنووری هەولێر و دهۆك رێگری لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان بكرێت، هەڵوێستی یەكێتی، چی دەبێت؟.. چونكە بەشێك لە كادیرانی پارتی هەڕەشە دەكەن گوایە رێگانادەن لە سنووری هەولێر و دهۆك هەڵبژاردن بكرێت”.
لە وەڵامدا لێپرسراوی بۆردی راگەیاندن ئاماژە بەوە دەكات، “یەكێتی پەیامێكی رەسمی و شەفافی هەیە و لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دایە و نایەوێت‌ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوابخرێت، چونكە دواخستنی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان و پرۆسەی دیموكراتی و سەقامگیریی سیاسی و مانەوەی قەوارەی هەرێمدا نییە، بەڵام هەر كێشە و گرفتێك لەو بوارەدا هەبێت كۆمسیۆن لێی بەرپرسیار دەبێت و هەوڵی چارەسەركردنی دەدات”.
لە كۆتا پرسیاردا ئەوە هاتووە كە ئایا، “هەڵوێستی یەكێتی بەرامبەر بە هەژماری من چییە؟، ئایا پشتگیری لێدەكات، یان پشتگیری لە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەكات؟”.

لەتیف نێروەیی ئەوەش رووندەكاتەوە و دەڵێت، “لەسەر ئەم پرسەش یەكێتی هەڵوێستێكی رۆشنی هەیە، چونكە ئەوەی بە لای یەكێتییەوە گرنگە دابینكردن و دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و چارەسەركردنی ئەو كێشەیەیە بە شێوەیەكی ریشەیی و دادگای فیدراڵی رێكارێكی یاسایی بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە دیاریكردووە و ئێمە رێز لە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی دەگرین، بۆیە بەلای ئێمەوە هەژماری من بمێنێت یان نەمێنێت گرنگ نییە، بەڵكو ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە چارەسەركردنی كێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە”.

بابەتی پێشتر

ئەنتۆنی بلینكن: زۆر گرنگە پەرە بە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ عێراقدا بدەین

بابەتی دواتر

سودانی لەبارەی قەوارەی هەرێمی كوردستانەوە هەڵوێستێكی نوێ رادەگەیەنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share