وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویکردەوە، تێڕوانینی عێراق بۆ بازاڕی نەوت، پەیوەندیدارە بە بارودۆخەکانی بازاڕەوە بە گوێرەی بڕیارەکانی ئۆپیک پڵەس و درێژەدان بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان یان نا، عێراق رۆڵێکی گرینگ لە لیژنەی وەزاری ئۆپێکدا دەگێڕێت.
عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوت لە لێدوانێکدا وتویەتی، کۆبوونەوەی لیژنە وزارییەکانی ئۆپیک بەشێوەیەکی بەرنامەدارێژراو و رێکخراو بەڕێوەدەچێت و بە گوێرەی راسپاردەکانی دانیشتنەکانی پێشووتر دیاریدەکرێت و دوو مانگ جارێک کۆدەبنەوە یاخود لە هەر دۆخێکدا پێویستی بە کۆبوونەوە بکات لەبارەی گۆڕانکارییەکانی بازاڕی نەوتەوە.
وتەبێژەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق وتویەتی، “عێراق رۆڵێکی گرنگ و کاریگەری هەیە لە رێکخراوەکەدا و بڕیارەکان لەناو ئۆپیکدا بەشێوەی کۆمەڵ دەدرێت و لەبارەی ئامانجی کۆبوونەوەکانی ئۆپیکەوە ئاماژەی بەوەکردووە “لە پێناو سەقامگیریی زیاتری بازاڕی نەوتییە، هەر بڕیار و رێککەوتنێک کە بکرێت بە گوێرەی پێویستییەکانی بازاڕی نەوت دەبێت.”