دارایی هەرێم: دابەشكردنی مووچەی مانگی ئازار دەستیپێكردووە و پارەی پێویست لەبەردەستدایە

بەرپرسێكی دارایی هەرێم رایدەگەیەنێت، پارەی پێویست بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی ئازار لەبەردەستدایە.

بەرپرسێكی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لە بەیانیی ئەمڕۆوە دابەشكردنی مووچەی مانگی ئازاری مووچەخۆرانی هەرێم لە بانكەكانی سلێمانی دەستیپێكردووە و پرۆسەكە بەردەوامە.

وتیشی، “پارەی پێویست بۆ مووچە لەبەردەستدایە و هیچ گرفتێكی پارەی كاشمان نییە”.

ئێوارەی دوێنێ وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم لیستی دابەشكردنی مووچەی مانگی ئازاری سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی بڵاوكردەوە بڕیارە لەمڕۆوە تا رۆژی دووشەممە دابەشكردنەكە بەڕێوەبچێت.

ئەوەش لەكاتێكدایە كۆتایی هەفتەی رابردوو وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، دەستیكردووە بە پارەداركردن (تمویل)ی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی ئازار.

سەبارەت بە مووچەی ئەم مانگە (نیسان)یش بەپێی زانیارییەكان لەلایەن وەزارەت و فەرمانگەكانەوە ئامادەكاری لەسەر لیستی مووچە كراوە و چاوەڕوان دەكرێت، بەراورد بە مانگەكانی رابردوو زووتر رەوانەی بەغداد بكرێت.

هەروەك لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا سەرچاوەیەكی حكومی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لە هەفتەی رابردووەوە وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم وەزارەت و فەرمانگەكانی ئاگاداركردووەتەوە بۆ مووچەی مانگی (5) ئایاری داهاتوو لیست بە پلەبەرزكردنەوەوە ئامادەبكەن.

سەرچاوەكە روونیشیكردەوە، هەر هەفتەی رابردوو وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ نوێنەری وەزارەتەكان ئەنجامداوە و رێنوێنی پێویستی تایبەت بە چۆنیەتی پلەبەرزكردنەوەی مووچەخۆران پێداون.

تۆڕی میدیایی ئێستا زانیویەتی خشتەی سیستمی مووچە كە كاری پلەبەرزكردنەوەی لەسەر ئەنجامدەدرێت، جیاوازە لەو خشتەیەی لە چەند ساڵی رابردوو هەرێم كاری لەسەر كردووە و، هەمان ئەو خشتەیەیە كە لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە كاری لەسەر دەكرێت.

بەپێی سیستمە نوێیە مووچەی پلە نزمەكان بەرزتر دەبێت بەراورد بە خشتەكەی هەرێم، هەروەها پلەكانی سەرەوەش مووچەكانیان هەندێك كەمتر دەبێت بەراورد بە لیستەكەی دیكە.

بابەتی پێشتر

میسر یەکەم رۆژی جەژنی دیاریکرد

بابەتی دواتر

کەشناسیی هەرێم: ئەمڕۆ و سبەینێ باران دەبارێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share