ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێن، جموجوڵی جدی هەیە بۆ چارەسەری كێشەی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئەنجومەن، دەشڵێن، ئەو پرسە لەگەڵ خشتەكانی بودجە دەكەونە دوای جەژن.
سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە چوار مانگ و نیو بەسەر دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی لە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تائێستا لایەنە سونییەكان لەلایەك و ئەنجومەنی نوێنەران لە لاكەی دیكە نەیانتوانیوە لە هەڵبژاردنی جێگرەوەیدا سەركەوتوو بن.
عودەی عەواد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی سادقون رایگەیاند، ئەو دۆخەی رووبەڕووی بووینەتەوە بەهۆی ناكۆكییەكانە لەسەر یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، سەرەڕای ئەوەی پرسەكە پەیوەندیدارە بە سوننەكانەوە، بەڵام گرێدراوی هەمووانە، بۆیە هیواخوازین پاش پشووی جەژنی رەمەزان سازان لەسەری بێتە ئاراوە.
لای خۆیەوە یەحیا عیساوی، پەرلەمانتار لە حزبی تەقەدوم لە لێدوانێكدا بۆ میدیای رەسمیی عێراق رایگەیاند، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ سوننە و، لەنێو سوننەشدا بۆ حزبی تەقەدومە بەهۆی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و رێككەوتنە سیاسییەكان، بەڵام هەندێك لایەن دەیانەوێت باز بەسەر شایستە سیاسییەكاندا بنێن.
وتیشی، “دواكەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەن دەمانخاتە بەردەم رێگری نوێ و ئەنجومەنی نوێنەرانیش تووشی لەكاركەوتن دەكات”.
یەكێكی دیكە لەو پرسانەی دواكەوتووە و چاوەڕوان دەكرێت پاش پشووی جەژن یەكلابكرێتەوە، خشتەكانی بودجە و هەمواركردنیەتی.
عودەی عەواد وتی، “خشتەی سیانیی بودجە پاش جەژن دەگاتە ئەنجومەنی نوێنەران”.
خشتەكان لەئێستادا لە بەردەم وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و ئەنجومەنی وەزیراندایە و پێشتر بەرپرسانی حكومەتی ناوەند جەختیان كردەوە لەوەی بەمنزیكانە تەواو دەكرێن و رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی دەكەن بەمەبەستی پەسەندكردنی.