نێچیرڤان بارزانی و جێنین پلاسخارت پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیان تاوتوێكرد و هاوڕابوون لەسەر پێویستی و گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان.
بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتیی هەرێم تێیدا هاتووە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ جێنین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان و پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیان تاوتوێكرد.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی و گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان، هەروەها تیشكیان خستە سەر تێبینیی لایەنە سیاسییەكان و هەوڵی هەمەلایەنە بۆ لابردنی بەربەستەكانی بەردەم پرۆسەكە و دڵنیابوون لە بەشداریی هەموو لایەنەكان لە هەڵبژاردندا و لەمباریەوە بیروڕایان گۆڕییەوە و كێشەكانی هەولێر ـ بەغداد و دوایین پێشهاتەكانی گفتوگۆی هەردوولا بۆ چارەسەركردنیان، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.