دەستەی دەستپاکیی عێراق بانگهێشتی عەلی عەلاوی وەزیری پێشووی دارایی عێراقی کردووە بەمەبەستی شایەتیدان لەبارەی کۆکردنەوەی سامانی بەرپرسانی وڵات لە سامانی گشتیی.
لە نوسراوێکدا کە ئەمڕۆ سێشەممە لە دەستەی دەستپاکییەوە ئاڕاستەی وەزارەتیی دارایی عێراق کراوە، داوای لێدەکات وەزیری پێشووی وەزارەتەکە ئاگاداربکرێتەوە بەمەبەستی چوونی بۆ دەستەکە و وەرگرتنی قسەکانی و شایەتیدان لەسەر ئەو قسەیەی بۆ یەکێک لە کەناڵەکانی راگەیاندنی کردووە کە وتویەتی 30 کەسایەتی سیاسیی بازرگان یاخود بازرگانی سیاسی هەن لە عێراقدا سامانەکەیان زیاتر لە یەک ملیار دۆلارە.
دەستەی دەستپاکیی عێراق دەیەوێت روونکردنەوەی لەبارەی ئەو کەسانەوە دەستبکەوێت لەگەڵ ناوی ئەو کەسایەتیانە و ئەو بانکانەی پارەکانیان تێدا هەڵگرتووە یان موڵک و ماڵەکانیان و هەر زانیارییەک کە لەبارەی ئەو کەسانەوە هەیەتی.
ئەمەش دوای ئەوە دێت، عەلی عەلاوی وەزیری پێشووی دارایی عێراق رۆژی دووشەممە لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا دەرکەوت و قسەی کرد و ئاماژەی بە 30 کەس کرد کە سامانەکانیان زیاتر لە یەک ملیار دۆلارە و وتیشی، “سەرچاوەی گەورە دەوڵەمەندەکان لە عێراق دەوڵەتە، کە بەشێکی داهاتەکان دابەش دەکرێن و بەشێکی دەدزرێت.