قائیمقایەتی سلێمانی رایدەگەیەنێت، بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە چاودێریی بازاڕ دەکەن و دەشڵێت، “دەبێت لە رۆژانی جەژن رێستۆرانت و میوانخانە و مۆڵەکان بە رووی گەشتیاراندا کراوەبن”.
قائیمقامیەتی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ رۆژانی جەژن، ئەمڕۆ 2ی نیسانی 2024 کۆبوونەوەیەک لە دیوانی قائیمقامیەت بەڕێوەچوو، ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند، لە رۆژانی پێش جەژن قەرەباڵغیی زیاتر روو لە بازاڕەکان دەکات بۆ کڕینی پێداویستییەکان، هەربۆیە لیژنە هاوبەشەکانی و تیمی لایەنە پەیوەندیدارەکان بەوردی چاودێریی کوالێتی و نرخی خواردن و پێداویستییەکان دەکەن و ئەرکی هێزە ئەمنییەکان و شارەوانی زیاتر دەبێت.
ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی ئاماژە بەوەش دەکات، لەگەڵ ئەوەی رێگری لە کار و بازاڕی کەس ناکەین، پێویستە دوکاندا و دەستگێڕەکانیش ئاستەنگی هاتوچۆ بۆ هاوڵاتییان و شۆفێران دروستنەکەن، بەپێچەوانەوە ناچار بەگرتنەبەری رێکاری یاسایی دەبین.
لە راگەیەندراوەکەی قائیمقامیەتی سلێمانیدا هاتووە، قائیمقامی سلێمانی، لیژنە هاوبەشەکان و بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی راسپارد ئەم چەند رۆژەی نزیکی جەژنی رەمەزان سەردانەکانیان بە رۆژان و شەوان بۆ بازاڕ و دوکان و شوێنە گشتییەکان زیاتربکەن.
پەیوەست بە گەشتیاران و ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیکردن لێیان، لە کۆبوونەوەکەی قائیمقامیەتی سلێمانیدا باس لەوە کراوە، “دەبێت تەواوی میوانخانەو چێشتخانەو نانەواخانەو مۆڵەکان لە رۆژانی جەژندا کراوەبن”.