بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەی سێیەمی محەمەد شیاع سودانی لەگەڵ لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەڕێوەبچێت.
د. ئەحمەد کەرکوکی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی دووەمی لایەنە سیاسییەکانی کەرکوک لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی دوو هەفتە مۆڵەت درایە لایەنەکان، بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەی سێیەم بەڕێوەبچێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە تا ئێستا هیچ شتێكی نوێ نییە لەبارەی دیاریکردنی پارێزگاری کەرکوک، بەڵام ئومێدمان هەیە کۆبوونەوەی سێیەم زۆر بابەت یەکلایی بکاتەوە و لەدوای ئەوە بتوانرێت کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا ببەسترێت.
ئاشکراشیکرد، لێرە و لەوێ دەوترێت لە کۆبوونەوەی دووەمی سودانی لەگەڵ لایەنەکان کە هەر لایەنە و پرۆژەی خۆی پێشکەشکرد، ژمارەیەک پرۆژە رەتکراونەتەوە، ئەمە دوورە لە راستییەوە و پرۆژەی هیچ لایەنێک رەتنەکراوەتەوە.