ئەمڕۆ دادگای تاوانی سلێمانی لەبارەی سێ تاوانباری شەهیدکردنی نەقیب محەمەد و بریندارکردنی هاوکارەکانی بڕیاریدا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا کەوتوون، “ئەمڕۆ دادگای تاوانی سلێمانی 11 یەمین دانیشتنی خۆی بۆ بڕیاردان لەبارەی دۆسیەی شەهیدکردنی نەقیب محەمەد و بریندارکردنی هاوکارەکانی خۆی ئەنجامدا”.
هەر بەپێی زانیارییەکان، دادگا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ تاوانباری سەرەکی رووداوەکە و زیندانی هەتاهەتایی بۆ دوو هاوکاری لە ئەنجامدانی تاوانەکەدا دەرکردووە”.
ئێوارەی 4ی كانونی یەكەمی 2021، نەقیب محەمەد لەتیف سەرپەرشتی تیمێكی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانی دەكرد بۆ دەستگیركردنی تۆمەتبارێك كە لەلایەن دادوەرەوە ماوەی 10 رۆژ بوو بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەرچووبوو، بەتۆمەتی ئازاردانی هاوسەرەكەی، دوای ئەوەی دەگەنە تانجەرۆ نزیك ماڵی تۆمەتبارەكە دەدرێنە بەر دەستدڕێژی گولـلە و لە ئەنجامدا نەقیب محەمەد شەهید بوو و سێ لە هاوکارەکانیشی برینداربوون.
دواتر و دوای پێنج مانگ لەكوژرانی نەقیب محەمەد، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم سەردانی خانەوادەی نەقیب محەمەد لەتیفیان كرد و هەواڵی دەستگیركردنی هەرسێ تاوانبارەكەی پێراگەیاندن.