حکومەتی هەرێم: پێویستە بەشە بودجە و مووچەی شایستەی خۆمان بۆ بنێردرێت

حکومەتی هەرێم رایگەیاند، هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و پڕۆژەی خۆی سەبارەت بە هەمواری یاسای بودجەی فیدڕاڵیی پێشکەش بە لایەنی فیدڕاڵیی کردووە و هەرێمی کوردستان بە شایستەی خۆی دەزانێت لە بەرامبەر بەجێگەیاندنی پابەندییەکانی، بەشە بودجە و مووچەی شایستەی خۆی بۆ بنێردرێت هاوشێوەی سەرتاسەری عێراق

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبووەوە، تێیدا چەند پرسێک تاوتوێکرا، یەکێک لەوانەش پەرەسەندنەکانی گفتوگۆکان بوو لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ سەبارەت بە بودجە ومووچە و تێچووی بەرهەمهێنان و نەوتی هەرێمی کوردستان.

حکومەتی هەرێم لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا دەڵێت، جەخت لەوەکراوەتەوە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و هەرێمی کوردستانیش پڕۆژەی خۆی سەبارەت بە هەمواری یاسای بودجەی فیدڕاڵیی پێشکەش کردووە بە ئاراستەی لابردنی هەموو ئەو ئاستەنگانەی لە یاسای ئێستای بودجەی فیدڕاڵ هەن کە رێگرن لە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم بە گوێرەی تەرخانکراوی خشتەکانی بوودجە.

باس لەوەشکراوە، سەرەڕای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ بە تەمویلکردنی هەرێم بە بەشێک لە خەرجی مووچە لە رۆژی 1/14 بەڵام دوای تێپەڕبوونی 17 رۆژ تا ئێستا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردووەتەوە هەرێمی کوردستان بە شایستەی خۆی دەزانێت لە بەرامبەر بەجێگەیاندنی پابەندییەکانی، بەشە بودجە و مووچەی شایستەی خۆی بۆ بنێردرێت هاوشێوەی سەرتاسەری عێراق، كە مووچەخۆرانی هەرێم بەهۆی ئەم دواخستن و بیانوو و رێکارانەوە، ماوەیەکی زۆرە مووچەکەنیان دواکەوتووە و کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیان و بژێویی دروست کردوون.

ئەنجومەنی وەزیران دەشڵێت، “پێویستە وەزارەتی دارایی فیدراڵ هەرچی زووە دوابڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ جێبەجێ بکات و لە هەمان کاتیشدا هەرچی زووە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، هەمواری یاسای بودجە پەسەند بکات بەوشێوەی لەسەری رێكکەوتوین و رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی بکات بۆ پەسەندکردنی تاکوو چیتر هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە دەست بێ بودجەیی و بێ مووچەییەوە زیانی زیاتریان بەرنەکەوێت و چارەسەرێکی بنەڕەتی ئەم بابەتە بکرێت.”

ئەوەش هاتووە،”هیچ  پاساو و بیانوویەک بۆ حکومەتی فیدڕاڵ نەماوە بۆ دواخستنی هەموارکردنی یاسای بودجە و بەجێگەیاندنی بەرپرسیارێتی خۆی لەبەرامبەر دابینکردنی بودجەی هەرێمی کوردستان هەروەک لە دەستووردا جێگیر کراوە.”

 

بابەتی پێشتر

عەلی عەلاق: چەند بانک و کۆمپانیایەک رێگەیان پێنادرێت مامەڵە بە دۆلارەوە بکەن

بابەتی دواتر

بەهای دۆلار دابەزی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share