بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی گەرمیان رایدەگەیەنێت، لە رووداوێكی هاتوچۆدا لەسەر ڕێگای كەلار – مەرزی پەروێزخان سێ كەس برینداربوون.
بەپێی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی گەرمیان كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، شەوی رابردوو دوو ئۆتۆمبێلی جۆری نیسان ناڤارا – تانكەرێكی گواستنەوەی سووتەمەنی لەسەر رێگای كەلار مەرزی نێودەوڵەتیی پەروێزخان بەرامبەر گوندی (حەوش كوڕو) هەردوو ئۆتۆمبێلەكە بە ئاراستەی كەلار هاتوون پێكیاندادا، بەهۆیەوە شۆفێر و دوو سەرنشینی نیسان ناڤاراكە برینداربوون، كە یەكێك لە بریندارەكان منداڵە.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، دوای رووداوەكە هەرسێ بریندارەكە گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتنی شەهید هەژار لە كەلار و تیمی هاتوچۆ لێكۆڵینەوەیان لە رووداوەكە دەستپێكردووە.