بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی رایدەگەیەنێت، بۆ ئەمساڵیش پێدانی قەرز بۆ ئەو كەسانەی كە بە نیازن پڕۆژەی كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستان دابمەزرێنن بەردەوامدەبێت و دەشڵێت، “ئەو بانكەی قەرزەكە دەدات هاوڵاتییان دەتوانن تا 100 ملیۆن دینار سوودمەندبن”.
شاڵاو جەمال بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ئەو كەسانەی بە نیازن پڕۆژەی كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستان دابمەزرێنن سەردانی ئێمە دەكەن و نووسراوێكیان بۆ دەكرێت كە ئاراستەی وەزارەت و ئەو بانكە دەكرێت كە قەرز بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی كشتوكاڵی دەدات و بۆ ئەمساڵیش پێدانی ئەو قەرزە بە هاوڵاتییان بەردەوامدەبێت.
راشیگەیاند، بانكەكە ئەو پارەیە دەخاتە پڕۆژە كشتوكاڵییەكەوە و دواتر بە قیست لە سوودمەندبووان وەردەگیرێتەوە كە پڕۆژەكە دەكرێتە بارمتە و تا 100 ملیۆن دیناریش بە قەرز بەو كەسانە دەدات كە پڕۆژەی كشتوكاڵی جێبەجێدەكەن.